“لێکەوتە خراپەکانی ڤۆلتفاست (ڤۆڵتارین) چین “


“لێکەوتە خراپەکانی ڤۆلتفاست (ڤۆڵتارین) چین و کێن ئەوانەی کە ناتوانن، یان تەنها لەژێر چاودێری پسپۆڕدا دەتوانن بەکاریبهێنن؟”

ئامادەکردنی:
پزیشکی دەرمانساز، د. نێچیروان تەیمور

ڤۆڵتفاست (دایکلۆفیناک، یاخود ڤۆڵتارین) یەکێکە لە باوترین ئەودەرمانانەی کە لەلایەن خەڵکەوە بەکاردەهێنرێت لە جیهاندا و بەتایبەت لە کوردستاندا.
بەپێی ئاگادارییەکانی (FDA)*، چانسی ئەو کەسانە زۆرترە بۆ توشبوون بە جەڵدەی مێشک و دڵ کە دایکلۆفیناک (یاخود ڤۆڵتفاست) وەرئەگرن بۆ ماوەیەکی درێژ، هەروەها ئەم مەترسییە زیادتر دەبێت بۆ ئەوکەسانەی کە پێشتر خۆیان ئەو حاڵەتانەیان هەبووە. ئەمە جگەلە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ بونە هۆکار بۆ دروستبوونی قورحەی مەعیدە و زەرەروزیان بۆ بەشەکانی تری وەک و جگەر و گورچیلە.
وە ئەو کەسانە ئامۆژگاریی دەکرێن بەوەی کە لەژێر ڕێنماییەکانی پزیشکی پسپۆڕو پزیشکی دەرمانسازدا بەکاری بهێنن.

هاوڵاتیانی بەڕێز؛
سەرەتاییترین هۆشیاری سەبارەت بەدەرمان کە پێویستە بیزانیت ئەوەیە؛
“هیچ دەرمانێک نییە کە کاریگەری خراپی نەبێت لەسەر جەستە”
بۆیە بەکارهێنانی هەر دەرمانێک بەشێوەیەک کە خۆت یان کەسێکی ناپسپۆڕ بۆت دیاریبکات یەکێکە لە هەڵە باوەکان و پێویستە لێی بەدوور بێت.
بەکارهێنان و هەڵبژاردنی دەرمانە ئازارشکێنەکان، بەم نمونەیە ڕوون ئەکەینەوە:

با وای دابنێین بۆ سوکە ئازارێکی وەک سەر ئێشە دوو ئیختیارمان هەیە؛ ڤۆڵتفاست و پاراسیتۆڵ (پانادۆڵ یان ئەدۆڵ).
پاراسیتۆڵ کاریگەرییەکەی بۆ ئازاری سوکە بەبەراورد بە ڤۆڵتفاست، وە بێگومان کاریگەرییە خراپەکانی پاراسیتۆڵ بە بەراورد بە ڤۆڵتفاست کەمترە، بۆیە هەر لۆجیکیش بێت تۆ ئەگەر ئازارەکەت بە پاراسیتۆڵ چاک بێت، پێویست بە دەرمانێکی قورسی وەک ڤۆڵتفاست ناکات کە بێگومان کاریگەرییە خراپەکانی زۆرترە و مەترسیدارتریشە.
ئەمە جگەلەوەی کە پێویستە بڵێم ، دەبێت هۆشیاری ئەوەمان هەبێت کە ئەو دەرمانانەی کە بۆ ئازاری بەهێز بەکاردێن بۆ ئازاری سوک بەکارنەهێنین، چونکە ئەگەر ئەوەمان کرد ئەوا خانە وەرگرەکانی لەشمان توشی – Receptor Desensitization- دەبن و لەکاتی پێویستیمان بۆ ئەو دەرمانە بەهێزە لەکاتی توشبوونمان بە ئازارێکی قورس، سود لە دەرمانێکی وەک ڤۆڵتفاست و هاوشێوەکانی وەرناگرین بەپێی پێویست.

ئەوەش جێی بیرهێنانەوەیە کە هەموو نەخۆشێک بزانێت، کاتێک پزیشکێکی پسپۆڕ دەرمانێکت بۆ دەستنیشان دەکات، بە ئاگاییەوە دەبێت و بە گوێرەی باری تەندروستیتە بە گشتی، بۆیە نا بێت هیچ کەس بە بەراورد بە وەزعی خۆی و دەوروبەری دەرمان ئیختیار بکات بۆ چواردەورەکەی.

+ کێن ئەوانەی ناتوانن ڤۆڵتفاست بەکاربهێنن یاخود تەنها لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانسازدا ئەتوانن بەکاریبهێنن؟
۱.ئەوانەی فشاری خوێنیان هەیە.
۲.ئەوانەی تەنگەنەفەسی(ڕەبۆ)یان هەیە.
۳.ئافرەتی دووگیان و شیردەر.
٤.ئەوانەی حەساسییەتیان هەیە بە گروپی NSAID
(ئەم کەسانە ناتوانن لە هیچ حاڵەتێکدا بەکاریبهێنن).
٥.ئەوانەی کێشەی جگەر و گورچیلە و ڕیخۆڵە و دڵ و سوڕی خوێنیان هەیە.
٦.ئەوانەی نەخۆشی برین (قوڕحە)ی مەعیدەیان هەیە.

هەروەها هەندێک حاڵەتی تر. بۆیە لە پێش وەرگرتنی دەرمانەکە هەرچ کێشەیەکی تری تەندروستیت هەیە؛ بە پزیشکی پسپۆڕ یاخود بە پزیشکی دەرمانسازی بڵێ.

________________
*دەزگایەکی حکومیی ئەمریکییە، کاری چاودێریکردنی بازرگانی و سەلامەتی دەرمان و خواردنە.
وە یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین دەزگا تایبەتمەندەکانی بواری دەرمان و خۆراک لە جیهاندا.


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!