سوودی برنجت زانیوە

nm69rk43n5y8gdfn11mu

شارەزایانی بواری تەندروستی لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەریانخستووە، كە برنج لەڕووی نیشاستەوە دەوڵەمەندەو ڕێژەیەكی زۆر باشی كالۆری تێدایەو سەرچاوەیەكی باشی وزەیە، هاوكات لەناو برنجدا ڤیتامینەكانی (B1، B2، Cو E)، توخمەكانی (سۆدیۆم، مەنگسیۆم، پۆتاسیۆم، كالسیۆم، ئاسن و فسفۆر) هەیە.

بەوتەی ئەوان، برنج هاوكاری گەشەسەندنی جەستە دەكات و وزەی پێدەبەخشێت و بەهێزی دەكات، برنج مێشك و هزرو بیری مرۆڤ دەكاتەوە، هاوكات فشاری خوێنی بەرز دادەبەزێنێت و هەرسكردنیش ئاسان دەكات.

هەروەها برنج ئاوی زۆر بۆ جەستە ڕادەكێشێت، بەو هۆیەوە ئۆكسیدە زیانبەخشەكان لەجەستە فڕێدەداتە دەرەوەو سكچوونیش ناهێڵێت.

لەناو برنجدا چەندین ماددە هەیە كە ڕێگری لەتووشبوون بەشێرپەنجە دەكەن، لەسەرووی هەموویانەوە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەكان، بەهۆی ئەوەی برنج كاریگەری لەسەر دابەزاندنی كۆلیسترۆڵی ناو خوێن هەیە، هەروەها دڵ و دەمار لە نەخۆشییەكان دەپارێزێت و سوودێكی باشیشی بۆ گورچیلەكان هەیە.

ئەگەر برنج بكوڵێنرێت و دواتر ئاوەكەی لە پێستی دەموچاو بدرێت تاكو وشك دەبێتەوە، پاشان بەئاوی گوڵ دەموچاو پاك بكرێتەوە، ئەوا دەبینن كە پێستی ڕووخسار گەشاوەو سپی بووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە لەمیانەی لێكۆڵینەوەیەكی زانستیدا كە توێژەرانی زانكۆی (هارفارد) ئەنجامیانداوە، ئاشكرابووە كە زۆر خواردنی برنج، ئەگەری بەرزبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بەرزدەكاتەوەو رێژەی تووشبوونیش بەپێی تەمەنی تاكە كەس دەگوڕێت.

لەم لێكۆڵینەوەیەدا كە لەسەر گۆڤاری (تایم) ی ئەمریكی بڵاوكرایەوە هاتووە، كە خواردنی بڕێكی زۆری برنج بەهەموو جۆرەكانیەوە، بەتایبەت برنجی سپی لە ڕۆژێكدا، دەكرێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە رێژەی (10%) بەرزبكاتەوە.

گۆڤارەكە لەسەر زاری سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەكە پرۆفیسۆر (كی سن) لە كۆلێژی (هارفارد) بۆ تەندروستی گشتی، كە لە ئێستا لەسەرانسەری جیهاندا خەلكانێكی زۆر بۆ خواردنی ژەمە خۆراكی ڕۆژانەی خۆیان پشت بە برێكی زۆری برنج دەبەستن، كە ئەمەش مەترسیەكی گەورەی بۆسەر تەندروستی هەیە.

جێگەی باسە لێكۆڵینەوەكە لەسەر كۆمەڵە كەسێك لە چین و ژاپۆن و ئوسترالیاو هەندێ كەسی ئەمریكا ئەنجامدراوە، كە لە خواردنی ڕۆژانەدا پشت بە بڕێكی زۆری برنج دەبەستن، دواتر دەركەوتووە كە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لەلایەن ئەو كەسانەوە بە رێژەی (27%) بەرزبۆتەوە.

هەروەها لێكۆڵینەوەیەكی پێشووتریش كە لەسەر زیاتر لە (352) هەزار كەسی تەمەن نێوان (4 – 22) ساڵی ئەنجامدرابوو ئاشكرای كرووە، كە پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان بەكارهێنانی برنج لە خواردنی ڕۆژانەدا لەگەڵ كاریگەری توانای جەستە بۆ هەلسوكەوت كردن لە تێكرای شەكردا هەیە.

 

………………….
سه‌رچاوه‌:kurdiu.org


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!