بۆچی دەسەڵاتدارانی كەنداو مۆبایلی نۆكیا بەكاردێنن؟ ئاخۆ پارەیان نییە.؟!

بەكارهێنانی مۆبایلی جۆری نۆكیا، كە لە شێوازە هەرە كۆنەكانی ئامێری پەیوەندیكردنی مۆبایلە، لەلایەن هەندێك لە دەسەڵاتدارانی كەنداو-ەوە، بووەتە جێی سەرنجی سەرنووسەری رۆژنامەی رەئی ئەلیەوم، وەك خۆی باسی دەكات. سەرنووسەری رۆژنامەكە پرسیاری ئەوە دەكات "بۆچی هەندێك لە (دەسەڵاتدارانی كەنداو) تەلەفۆنی نۆكیا بەكاردێنن كە زۆر كۆنە و تەنانەت لەناویشچووە؟ بۆچی لە جیاتی ئەوە مۆبایلی زیرەك بەكارناهێنن؟" 
لەوەڵامدا هەر خۆیشی دەڵێت "ناچێتە عەقڵەوە، ئەو دەسەڵاتدار و وەزیرانەی كەنداو كە گەنجینەكانی وڵاتەكانیان پڕە لە دەیان یاخود سەدان ملیار، نەتوانن ئامێری نوێی پەیوەندیی بكڕن، ئەوەی كە پێیدەوترێت مۆبایلی زیرەك" ئەمە نهێنیەكی سەیرە! كاتێك ناوبراو ئەم باسە لەگەڵ شارەزایانی ئامێرە دیجیتاڵیە پەیوەندیەكاندا باس دەكات، ئەوەی پێدەڵێن كە ئامێرە كۆنەكانی پەیوەندیگرتن چاودێریی ناكرێن و ناتوانرێت سیخوڕییان بەسەرەوە بكرێت. پێچەوانەی ئامێرە زیرەكەكانی پەیوەندیین كە دەكرێت بە هۆیەوە چاودێریی خاوەنەكەی بكرێت، بە قسەكانی و جموجوڵەكانی و تەنانەت رەنگە وێنەگرتنیشیەوە لە ژووری نووستنەكەیدا.
مەسەلەكە روونتر بووەوە كاتێك پێگەی ویكیلێكس بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی ئاشكراكرد دەربارەی شێواز و رێگەكانی كاركردنی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا CIA كە بەهۆی مۆبایلەكانیانەوە و تەنانەت بەهۆی تەلەفزیۆنەكانیان و هەر ئامێرێكی دیكەی ئەلیكترۆنیەوە كە هەیانە، سیخوڕیی كردووە بەسەر هەموو هاوپەیمانەكانی و هەندێك لە هاووڵاتیان و بەرپرسانی ئەمریكایشەوە.
هەڵوێست و كاردانەوەكان بەرامبەر ئەم هەنگاوانەی ئاژانسی ویكیليكس و دزەپێكردنی بەڵگەنامە و زانیارییەكان، دوو ئاراستەی جیاوازیان هەیە، هەندێك دەڵێن ویكیليكس خۆی ئاژانسێكی سیخوڕییە بەسەر ئاژانسەكانی دیكەی سیخوڕییەوە. هەندێكی دیكەیش پێیانوایە كە خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە ئاسایش  و ئارامیی جیهان دەكات.
بێگومان لەم چەند دێڕەدا گەیشتینە وەڵامی راستەقینەی ئەو پرسیارەی كە بووەتە ناونیشانی ئەم بابەتە و تێگەیشتین كە بۆچی كەنداوییەكان، ناتوانن ئامێری مۆبایلی زیرەك بەكاربێنن و هەر نۆكیا كۆنەكانیان هەیە.
ئا: لوقمان محەمەد رەشید 

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!