مایکرۆسۆفت سەلاجەیەکی زیرەک دروستدەکات

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سەلاجەیەک (بەفرگر) دروستدەکات کە بەکارهێنەرانی ئاگاداردەکاتەوە لە کاتی پێویستدا سەردانی بازاڕ و مارکێتەکان بکەن.
ماڵپەڕی فرانس ٢٤ بڵاویکردەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە هاوکاری کۆمپانیای لیبهێر سەلاجەیەکی نوێ دروستدەکەن کە پاکەتی ئامێری زیرەکی    SmartDeviceBoxی تێدایە و جگە لە ساردکردنەوە بەکارهێنەرانی ئاگاداردەکاتەوە لەو خواردنانەی کە لە سەلاجەکەیاندا کەمن و پێویستە بیانکڕن.
تی جەی هازەن زانایەکی بەشی زانیاری لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند “پاکەتی ئامێری زیرەک بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەو دەتواندرێت لەناو فریزەر و سەلاجەکەدا جێبکرێتەوە”.
وتیشی “مایکرۆسۆفت ئامێرێک لە سەلاجەکەدا جێگریدەکات کە لە توانایدایە پاکەتی شیر و قتوی کەچەپ و خواردنەکانی ناو سەلاجەکە بناسێتەوە”.
ناوبراو ڕاشیگەیاند “پاکەتی ئامێری زیرەک کامێرا و ئامرازی تێدایە کە خواردنی نێو سەلاجەکە دەژمێرێت و لیستێکی لەسەر تۆماردەکات و دەتوانێت بە موبایلی سیستەمی ئەندرۆید و ئایفۆن و سۆفتوێری ویندەوسەوە ببەسترێتەوە”.
هاوکات ئەسیما چانسانچای ئەندامی ستافی ناوەندی هەواڵەکانی مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند “لە ئایندەیەکی نزیکدا سەلاجەی لیبهێر لە کڕینی خواردن و پلاندانان بۆ ژەمە خواردنەکاندا هاوکاری بەکارهێنەرانی دەکات”.

 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!