مێژوی گەشەكردنی کۆمپانیای مایكرۆسۆفت و بەرهەمەكانی

مایكرۆسۆفت كۆمپانیایەكەی ئەمریكیە لە بواری پرۆگرامیندا كاردەكات و لە لایەن هەردوو كەسایەتی ناسراوی جیهانی (بیل گیتس و پۆل ئالان) ەوە بنیات نراوە لە ساڵی 1975 دا . گەشەكردن و پەرەسەندنی ئەم كۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی ئەم دوو داهێنەرە لە بوارەكەی خۆیاندا كە پرۆگرامەر بوون بەجۆرێك هەردوكیان دەستیان لەخوێندنی زانكۆ هەڵگرت و ڕویان لەم كارە كرد كە ئێستا بوونەتە پێشەنگی پرۆگرامەران لە ئاستی جیهانداو بە دوو كەسایەتی داهێنەر ناسراون لە جیهانی سۆفتوێردا

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لە بەرهەمی ویندۆز و ئۆفیسدا زۆترین ڕێژەی بەكارهێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە هەر ئەم دوو هۆكارەشە مایكرۆسۆفتی كردوەتە پیشەنگی پرۆگرام سازی لە جیهاندا ، مایكرۆسۆفت لە سەرەتای بنیات نانیدا هەوڵی داوە بەرنامە بەرهەم بهێنێت لەسەر ئەو مایكرۆ پرۆسێسەرانەی كە لە ساڵانی ناوەڕاستی حەفتاكاندا بەرهەم دەهێنران بۆ نمونە یەكەم سەركەوتنی مایكرۆسۆفت لەوەوە دەستی پێكرد كە توانی بەرنامە دروست بكات بە زمانی بەیسك لەسەر پرۆسێسەری جۆری ئەنتڵ (8080) كاربكات ، لە ساڵی 1976 دا كاتێك كۆمپانیای ئەنتڵ دووەم جۆر لە پرۆسێسەری بەناوی (8086) بەرهەم هێنا دیسان مایكرۆسۆفت توانی سیستەمێك لەسەر ئەم جۆرەش پرۆگرام رێژ بكات ببێتە بەگەڕخەری ، لە ڕاستیدا تەواوی كارەكانی مایكرۆسۆفت لەم ساڵانەدا لەسەر بنەمای كۆدەكانی یونێكس بوو تا ساڵی 1979 بەم شێوە بوو دواكاریشی بەرهەم هێنانی سیستەمێك بوو لە ساڵی 1980دا بەڵام لە دواتر و هەر لە ساڵی 1980 بەتەواوی دور كەوتەوە لە كۆدەكانی یونێكس و خۆی هەستا بە كڕینی سەرچاوەی كۆدە بنیات نراوەكانی سیستەمی (QDOS) كەلە لایەن كۆمپانیای (IBM) بەرهەم هێنرابوو سیستەمێكی جیاواز بوو كۆمپیوتەرەكانی خۆی پێ پرۆگرام ڕێژ دەكرد چونكە كۆمپانیای (IBM) ناودارترین كۆمپانیای بەرهەم هێنەری كۆمپیوتەرە بە هەموو جۆرەكانیەوە ، ڕێكەوتنی نێوان ئای بی ئێم مایكرۆسۆفتیش وای كرد كۆمپیوتەر بەم قۆناغەی ئێستای بگات .

مایكرۆسۆفت پاش گەشە پێدانی سیستەمەكەی (IBM) لە ساڵی 1981 یەكەم سیستەمی خۆی بە شێوەیەكی بازرگانی بەربڵاو بە ناوی (MS-DOS) ئەم سیستەمە بوو بە سیستەمی بەگەرخەری تەواوی ئەو كۆمپیوتەرانەی كە لەلایەن كۆمپانیای (IBM) بەرهەم دەهێنرا ، تا ئەم دەرچووە سیستەمەكانی مایكرۆسۆفت پشت بەستن بوو بەداخڵ كردنی كۆد و هیچ ڕوكارێكی وێنەیی تێدا بەكار نەهێنابوو ، لە ئێستادا ئەم سیستەمە وەك بەرنامەیەك لە ناو ویندۆزدا هەیە بەناوی (DOS) كە ڕوكارێكی ڕەشی هەیە تیكستی تێدا داغڵ دەكرێت و بەهۆی ئەو تێكستانەوە كە هەر یەكەیان فرمانێكە سیستەمێك لەكاردایە لە پشتی ئەو ڕوكارە رەشەوە و چەندین كاری گرنگی تێدا بە ئەنجام دەگەیەنرێت خۆی لە ڕاستیدا ئەم ڕوكارە ڕەشە تەواوی فرمانەكانی سیستەمەكەی تێدا كۆبوەتەوە بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ نوسینەوەی كۆدەكاندا ئێجگار دژوارەو كاتێكی زۆریشی دەوێت هەربۆیە مایكرۆسۆفت ڕاستەوخۆ ڕوكارە وێنەییەكەی ماكی بەهەلزانی و فیكرەی كارەكەی لەوانەوە گواستەوە بەرهەمەكەی خۆی

لەو ماوەدا كە دەكاتە سەرەتاكانی ساڵی هەشتاكان كۆمپانیای ئەپڵ سیستەمێكی تایبەت بەخۆی هەبوو بە ناوی (ماك ئۆ ئێس) كە ڕوكارێكی وێنەیی بوو وەك ئێستای ویندۆزە كە بە وێنە ڕازێنراوەتەوە تا ئەوكاتە هیچ سیستەمێك هاوشێوەی ماك بەرهەم نەهاتبوو بەڵام ماك خۆی سەربەخۆ لە كۆدەكانی یونێكسەوە سیستەمەكەی برەو پێدابوو كە تا ئێستاش جگە لەبەرهەمەكانی خۆی بە ئەستەم دەتوانرێت سوود لە سیستەمەكەی وەربگیرێت چونكە لۆك كراوە لەسەر جۆرێكی تایبەت لە هاردوێر سیستەمەكەی ماك لەسەرەتادا تەنها دەتوانرا لەسەر پرۆسێسەری مۆتۆرولا بەگەربخرێت بەڵام دواتر گۆڕا بۆ پرۆسێسەری پاوەر و لە ئێستاشدا پشتیوانی ئەنتڵ دەكات بەڵام بەڕاستەوخۆ نا بەڵكو بەچەند هۆكارێك دەتوانرێت بە تەواوی بەگەڕبخرێت ، هەر ئەم هۆكارەش بوو كە ئەپڵ تا ڕادەیەك لە بواری پەرەپێدانی سیستەمەوە لاواز تر دەردەكەوێت بە بەراورد بە مایكرۆسۆفت .

مایكرۆسۆفت لە ساڵی 1983 بەدواوە كەوتە گۆڕینی ناوەڕۆكی فرمانەكانی كۆدەكان لە سیستەمی دۆسدا بەجۆرێك هیچ فرمانێكی لەوەی پێشوو تێدا نەمایەوە هەربۆیە ساڵ بەساڵ ئەم سیستەمەی برەو پێدا بە ژمارەی جیاواز دەیناساند بە بەكارهێنەران ، لە ڕاستیدا ئەم سیستەمە پاش بەرهەم هێنانی ویندۆزیش كەلە سەرەتای 1990دا بڵاوبوەوە مایكرۆسۆفت هەر دەستی هەڵنەگرت لە برەوپێدانی و تا ساڵی 2000 بەتەواوی كۆتایی هات بە پێشخستنی سیستەمی دۆس كە كۆتا دەرچووی بریتیە لە (MS-DOS 6.22) ، ئەم سیستەمە كە پێشكەوتوو ترین سیستەم بوو لەو كاتەدا بەهۆی بڵاوبونەوە پێشوازی لێكردنیشی لەلایەن بەكارهێنەرانەوە كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی سەدان هەنگاو بردوە پێشەوەو كردی بە كۆمپانیایەكی گەورە ، بەڵام مایكرۆسۆفت هەر لە سەرەتای هەشتاكانەوە دەركی بەوە كردبوو كە سیستەمی دۆز وەڵامی داواكاریەكانی بەكارهێنەر ناداتەوە ناچار دەستی كرد بە بەرهەم هێنانی سیستەمێك تەواو جیاواز لەوەی پێشوی كە دۆسم مەبەستەو تەواو نزیك لە سیستەمەكەی ئەپڵ كە وێنەیی بوو بەڵام سەركەوتوو نەبوو بۆ نمونە دەرچووی یەك لە سیستەم كە لە ساڵی 1983 دا بڵاو كراوەتەوە هیچ بایەخێكی پێ نەدراوە ، هەتا كۆتایی هەشتاكان مایكرۆسۆفت بەردەوام لە تاقیكاریدا بوو بۆ بەرهەم هێنانی سیستەمێك وەك شوێنگرەوەیەك بۆ دۆس

لەسەرەتای ساڵی 1990 دا پاش ئەوەی مایكرۆسۆفت بەتەواوی سیستەمەكەی كرد بە ڕوكارێكی وێنەیی ناوی سیستەمەكەی گۆڕی بە مایكرۆسۆفت ویندۆز لەگەڵ ئەم ویندۆزەشدا ڕاستەوخۆ مایكرۆسۆفت ئۆفیسیشی خستە بازاڕەوە لەڕاستیدا ئەم ویندۆز و ئۆفیسە پێكەوە بەتەواوی بەكارهێنەرانی بەلای خۆیدا ڕادەكێشاو بەردەوام لەگەشە كردنشدا بوو هەربۆیە مایكرۆسۆفتیش خۆشەویستەی بەكارهێنەرانی بە هەلزانی هەر سالێك یان دوو ساڵ جارێك دەرچوێكی نوێ لێ بەرهەم دەهێنا ، مایكرۆسۆفت وەك ئەوەی هەستی كردبێت لەگەشەكردن دەوەستێت دووبارە كۆدەكانی داڕشتەوە لەسەر بنەمایەكی جیاواز بە خێزانی (NT) ناسراوە چەند دەرچوێكی بڵاوكردوە لە ساڵی 1993 دا گۆڕانكاری گرنگ كرا لە توانای ویندۆزدا و تواناكانی بە بەراورد بە پێشوو هەنگاوێكی ژیرانەی گەورەی بڕی بوو ویندۆزێكی بەناوی (Windows 3.1) بڵاوكردوە ، یەك ساڵ دواتر و لە ساڵی 1994 دا (Windows 3.5) بڵاوكردوە دواتر لە ساڵی 1995 دا (Windows 3.51) و لە ساڵی 1996 دا (Windows 4.0) بڵاوكردوە ، مایكرۆسۆفت لەم بەرهەمانەدا بەردەوام سەركەوتنی زیاتری مسۆگەر دەكرد و هاردوێرە جیاوازەكانیش بە خێرایی لە گەشەكردنێكی خێرادابوون ، لە دوای 1998 دا ویندۆزێكی تریشی بڵاوكردەوە بەناوی (Windows 98) دواتر لە 2000 دا دوا بەرهەمی خۆی بە ناوی (Windows ME) لە خێزانی (NT) بڵاوكردوە و كۆتایی بەم جۆرە لە كاركردن هێنا لە سیستم سازیدا

لەسەر بنەمایەكی جیاواز و بەتوانایەكی سەرسوڕهێنەر مایكرۆسۆفت ویندۆز ئێكس پی لە ساڵی 2001 دا بەرهەم هێنا ، ئەگەرچی ئەم سیستەمە بەكارهێنەرانی ناچاركرد تەواوی هاردوێرەكانی كۆمپیوتەرەكەیان بگۆڕن بۆ بەتواناتر بەڵام هیچ كەسێك لە تواناو زیرەكی سیستەمەكە ناڕەزایی دەرنەبڕی ، لەپاش بەرهەم هێنانی ئەم سیستەمەوە بازاڕی سیتەم فرۆشتن بەتەواوی گوازرایەوە كۆمپانیای مایكرۆسۆفت و بەدرێژایی 7 ساڵ ناوی هیچ سیستەمێك نەدەبیسرا جگە لە ئێكس پی ، ئەم سیستەمە بەتەواوی پێداویستیەكی سەردەم بوو چونكە لەم ماوەدا ئینتەرنێت بەتەواوی جیهانی پێكەوە بەستەوە تەنها سیستەمێكیش بتوانێت لە تۆڕەدا بە ئاسانی بمێنێتەوە ئێكس پی بوو كە لەو ڕوەوە ئێجگار پێشكەوتوو بوو سەرباری ئاسانی لە بەكارهێنان و جوانی لە ڕوكارەكەیدا ، ئەمەو گەشەكردنی مایكرۆسۆفت ئۆفیسیش هاوشانی ویندۆز لە پێشخستندا بووە و ساڵ بەساڵ بەرنامەی پێویست و گرنگیشی بۆ زیاد دەكرا ، دوای ئێكسپی و حەوت ساڵ مایكرۆسۆفت بەبێ دەنگی مایەوە تا دەرچوونی سیستەمی ڤێستا كە مایكرۆسۆفتی توشی یەكەم شكست كرد و بە ویندۆزی سێڤن قەرەبووی كردەوە .

مایكرۆسۆفت لە ئێستادا وەك كۆمپانیایەكی گەورە لە بواری تەكنەلۆژیاو سۆفتوێردا لە چەند لایەنێكی ترەوە گەشەكردنی باشی بەخۆوە بینیوەو بەتەواوی كەوتوەتە كێ بركێ لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەكانیدا لێرەدا هەوڵ دەدەم بە كورتی ئەو بەرهەمانەش بناسێنم :

1- سیستەم (Microsoft Systems) : كۆمپانیای مایكرۆسۆفت سەرەتا بە بەرهەم هێنانی سیستەم ناوبانگی پەیداكردوەو ئێستاشی لەگەڵ بێت زیاتر بەهۆی ئەم داهێنانەوە ناسراوە ، ڕاستە ئێستا چەندین جۆر لە سیستەم بوونی هەیە بەڵام پاش بنیات نانی هەزاران بەرنامە كە پاڵپشتی سیستەمی مایكرۆسۆفتن ئەستەمە بتوانرێت بەكارهێنەر بگوازیتەوە بۆ جۆرێكی تر لە سیستەم بە تایبەتی كاتێك دەبینیت ویندۆزی مایكرۆسۆفت تەواو هاوتەریب بە پیشكەوتنەكانی مرۆڤ لە بواری تەكنیكی ئەلیكترۆنیدا دەڕوات ، لە بەرهەمە ناسراوەكانی سیستەمی مایكرۆسۆفت وەك (ویندۆز 3.0 لەساڵی 1993 ، ویندۆز 3.5 لە ساڵی 1994 ، ویندۆز 98 ، ویندۆز ME لە 2000 دا ، ویندۆز ئێكس پی لە ساڵی 2001 دا ، ویندۆز ڤێستا لە ساڵی 2006 دا ویندۆز سێڤن لە ساڵی 2008 دا ، ویندۆزی هەشت لە ساڵی 2012 و ویندۆزی 8.1 لە ساڵی 2013 دا) بەرهەم هێناوە ، لەدوای 2003 مایكرۆسۆفت جۆرێكی تری لە سیستەم بەرهەم هێناوە بە ناوی (Windows Server) كە تا ئێستا شەش دەرچووی لێ بەرهەم هێناوە لە بواری تۆڕسازی و خزمەتگوزاریەكانی كۆنترۆڵكردنی پێكەوە بەستندا دەورێكی گرنگی هەیەو لەپاش لینۆكس ئەم ویندۆز سێرڤەرەی مایكرۆسۆفت پلەی دووەمی هەیە ، لە بواری كاری سیستیەم بۆ سمارتفۆنەكاندا مایكرۆسۆفت بەرهەمێكی لە ساڵی 2010 دا بڵاو كردەوە بە ناوی (Windows Phone) كە بەردەوام لە پێشكەوتندایەو لە ئێستاشدا بەشێك لە سمارت فۆنەكان ئەم سیستەمەی لەسەر جێگیركراوە بەتایبەتی بەرهەمە نوێیەكانی نۆكیا ، دوا بەرهەم لە سیستەمە بە ناوی (Windows Phone 8) بلاوكراوەتەوە

2- ئۆفیس (Microsoft Office) : مایكرۆسۆفت ئۆفیس یەكێكە لەو زنجیرە پرۆگرامانەی كە هەموو كەسێك پێویستی پێیەتی بوونی ئەم زنجیرە بەرنامەیە پێداویستیەكی سەرەكیە لە كۆمپیوتەردا بە تایبەتی بەهۆی فراوانبوون و زیادكردنی ژمارەی بەرنامەكانەوە لە لیستی بەرنامەكانی ئۆفیسدا ئەم بەرنامەیە زیاتر جێگای خۆی دەكاتەوە لە جیهانی سۆفتوێرەكاندا وەك پێشتر ئاماژەم پێدا لەگەڵ دەرچونی یەكەم ڤێرژنی سیستەمی ویندۆزدا ئۆفیس هاوشانی بڵاوكرایەوە نمونەی دەرچوەكانی ئۆفیسیش وەك ( ئۆفیسی 97 ، ئۆفیسی 2000 ، ئۆفیسی ئێكس پی ، ئۆفیسی 2003 ، ئۆفیسی 2007 ، ئۆفیسی 2010 ، ئۆفیسی 2013 )

3- ڤیژوەڵ ستۆدیۆ (Microsoft Visual Studio) : بەرنامەیەكە كە توانای هەیە بەچەندین زمانی جیاواز پرۆگرام سازی پێبكرێت ، گرنگترین هۆكاری برەو پێدانی سیستەمەكانی مایكرۆسۆفت بوونی ئەم بەرنامەیە بوو چونكە ئەم بەرنامەیە بۆ هەر كەسێكە كە بیەوێت بەرنامە بەرهەم بهێنێت بە چەندین زمانی جیاواز و دەشتوانێت بە هەر مەرج و یاسایەك بێت ماف دانێت بۆ بەكارهێنەرانی یاخود نرخ دابنێیت بۆی ، ڤیژوەڵ ستۆدۆی ئێستا بەناوبانگترین بەرنامەیە لەم بوارەدا و لە نوێترین دەرچویدا دەتوانرێت بەتەواوی داواكاریەكانی بەكارهێنەر لە بنیات نانی بەرنامە جیاوازەكاندا بخاتە بەردەست تا ئێستا نۆ ڤێرژنی جیاوازی لێ بەرهەم هێنراوە كە دواترینیان 2013 بڵاو كرایەوە .

4- ئێكسپریشن وێب (Microsoft Expression Web) : بەرنامەیەك بۆ بنیات نانی پەڕەكانی ئینتەرنێت لە ساڵی 2006 دا بنیات نراوە دەورێكی گرنگی هەیە لە جیهانی وێب دیزایندا پاڵپشتی زۆربەی زمانە ناسراوەكانی ئەم بوارە دەكات وەك (XML وCSS وAsp.net وHTML وXSLT وPHP، وجاڤا) و تا ئێستا چوار دەرچووی لێ بەرهەم هێنراوە .

5- ئێس كیو ئێڵ سێرڤەر (SQL Server) : بەرنامەیەكی بەتوانایە لە بواری بنیاتنانی داتابەیسدا و ناوبانگێكی جیهانی هەیە لەم بوارەدا لەساڵی 1989 بنیات نراوە بەڵام پاش ویندۆزی ئێكس پی ئەم بەرتنامەیە پێ ی نایە قۆناغێكی نوێوە ، تا ئێستا هەشت دەرچوی لێ بنیات نراوە بڵاوترین دەرچوو (SQL Server 2008) كە بەكارهێنەورێكی ئێجگار زۆری بەلای خۆیدا ڕاكێشا و گرنگترینیان (SQL Server 2014) كە بەم دواییە بە نوێترین تەكنیكەوە بڵاوكراوەتەوە ، سەرباری ئەوەی لە ڕوی سكوێرتیەوە ئێجگار پارێزراوە هەر ئەمەش وایكردوە بەكاربهێنرێت بۆ بنیاتنانی داتابەیسی ماڵپەڕە دەینامیكیەكان كە بەزمانە نوێیەكانی وەك (سی شارب و جاڤا) بەرهەم دەهێنرێت .

6- لەبواری پارێزگاریدا : مایكرۆسۆفت بەرنامەیەكی هەیە بەناوی (Microsoft Security Essentials) بێ بەرانبەر داونلۆد دەكرێت و لەسەر سیستەمی ئێكسپی بەرەو سەرەوە دادەمەزرێت ، لە ئاستی ئەو بەرنامانەی كە فرین و بۆ پارێزگاریكردن بەكاردێن باشترین بەرنامەیەو بە وردی چاودێری لایەنی پاراستنی سیستەمەكە و فایلەكانت دەكات .

7- مایكرۆسۆفت سارفەیس (Microsoft Surface) : ئەم بەرهەمە پێك دێت لە تابلێتێك دەكرێت كیبۆردەكەی پێوە پەیوەست بكرێت كە شیوەی لاپتۆپێك وەردەگرێت یاخود لێ ی بكرێتەوە وەك تابێك بەكاربهێنرێت ، بەتوانایەكی بەهێز بنیات نراوە و كوالیتی هاردوێرەكەی ئێجگار بەرزە ئەمە یەكەم بەرهەمی مایكرۆسۆفتە لە بواری بنیات نانی تابلێتدا ، تابلێتەكە ویندۆزی هەشتی لەسەر جێگیركراوەو شاشەیەكی هەستیاری هەیە (Touch) .

8- ئێكس بۆكس (Xbox) : ئەم ئامێرە لە دوای ساڵی 2001 وە بەرهەم هێنراوە كە لەبواری بەگەرخستنی یاریە گرافیك بەرزەكاندا ئێجگار بەتوانایەو هەوادارێكی زۆری هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا ، ئێكس بۆك ئامێرێك هاوشێوەی پلایستەیشن و لە روی كارەوە تا رادەیەكی زۆر لەیەكەوە نزیكن .

9- لینكە خزمەتگوزاریەكانی مایكرۆسۆفت : سەرەڕای ئەوەی مایكرۆسۆفت خۆی ماڵپەڕێكی پشتیوانی تەواوی هەیە بۆ بەرهەمەكانی بەناوی (microsoft.com) ، سایتێكی كۆمەڵایەتیشی بەناوی (MSN) هەیەو هەر لە لایەن مایكرۆسۆفتەوە بنیات نراوە لە ساڵی 1995 دا سەرپەرشتی دەكرێت و وەك سەرچاوەیەكی گرنگ هاوشێوەی یاهوو لە كاردایە ، هەروەها گەڕانی (MSN)ی هەبوو بەڵام بەم دواییە بەكۆمەڵێك تایبەتمەندی نوێوە گۆڕی بە (Bing.com) كە خزمەتگوزاریەكی هاوشێوەی گۆگڵە و بۆگەڕان بەكاردێت و لە ساڵی 2009 دا خراوەیە گەڕ بەم ناوە نوێەوە ، هەر لە سایتی (MSN) ویندۆز لایڤ كارایە كە هەر كەسێك دەتوانێت ببێت بە خاوەنی ئیمێڵی خۆی تێیدا و كارەكەی هاوشێوەی ئیمێڵی یاهووە .

10- ئێكسچەینچ سێرڤەر (Microsoft Exchange Server) : بەرنامەیەكە بنیات نراوە لە پێناو ئاسان بەكارهێنانی ئیمێڵ و ئاڵوگۆڕكردنی نامەی ئەلیكترۆنیدا ، لەگەڵ دەرچوەكانی ویندۆزدا لە ساڵی 1993 وە ئەم بەرنامەیەش خراوەتە بواری كارەوەو هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ڤێرژەن نوێیەكانی ویندۆزدا ئەمیش پیشخراوە ، كورتەی كارەكەی بۆ دەستگرتنی تەواوەتیە بەسەر ئێمێڵ و ئامرازەكانیدا .

11- سكایپ (Skype) : بەرنامەیەكە بۆ گفتوگۆ كردن لە نێوان دوو كەسدا بە دەنگ یاخود بە دەنگ و ڕەنگ بێ بەرانبەر لە كاردایەو مایكرۆسۆفت ئێستا خاوەندارێتی دەكات پاش ئەوەی لە ساڵی 2001 لە بەرهەم هێنەرانی كڕی ، لە ئێستادا جگە لەوەی دەتوانرێت لە نێوان دوو بەرنامەی دامەزرێنراوی سكایپدا بێ بەرانبەر دەنگ و ڕەنگ بگوازێتەوە هاوكات بە تێچوێكی كەمیش دەتوانرێت پەیوەست بكرێت بە هەر هێڵیكی گەیەنەرەوە وەك مۆبایل و تێلی جێگیرەوە بێگومان ئەم كارەش بە دروستكردن و كڕینی ئەكاونت دەگاتە ئەنجام ، لەم دواییەدا گەشەكردنێكی ئێجگار باشی بەخۆوە بینیوە لە بواری گەیاندندا .

…………………

سەرچاوە:kurdiu.org

 


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!