“فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا متمانه‌یان به‌ شه‌ڕڤانان هه‌یه‌ “

ypg141014-b

رۆژنامه‌ی‌ لۆفیگارۆی‌ فه‌ڕه‌نسی‌ له‌ راپۆرتێكدا به‌ناونیشانی‌: “كورده‌كان ده‌توانن كۆبانی‌ بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان” ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ لێپرسراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا وای‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن كه‌ یه‌په‌گه‌ ده‌توانێت به‌رگری‌ له‌ كۆبانی‌ بكات له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ داعش، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هاوكاری‌ سه‌ربازیان به‌ده‌ستگه‌یشت. ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كیشه‌ توانراوه‌ به‌ر به‌ پێشره‌وییه‌كان بگرێت.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ دوو لێپرسراوی‌ سه‌ربازی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌كرێت كۆبانی‌ به‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ست یه‌په‌گه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ به‌رگریی‌ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر په‌لاماره‌كانی‌ داعش. له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ لێپرسراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا متمانه‌یان به‌ یه‌په‌گه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت شاری‌ كۆبانی‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ چه‌كدارانی‌ داعش پاكبكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌واڵی خۆشه‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ كه‌ داعش هێرشه‌كانی‌ فراوانكردووه‌ بۆ داگیركردنی‌ كۆبانی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئه‌یلوله‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش كۆبانی‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌مارۆدراوه‌ له‌لایه‌ن  داعش له‌لایه‌ك و له‌ باكوریشه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر توركیا نه‌یده‌یهێشت ته‌نانه‌ت هاوكاری‌ مرۆیش بگاته‌ شاره‌كه‌.

ئه‌و به‌رگریه‌ش كه‌ له‌ شاره‌كه‌ كرا له‌لایه‌ن كوردانه‌وه‌ وای‌ كرد كه‌ كۆبانی‌ ببێته‌ سیمبوڵی‌ خۆڕاگریی‌ له‌به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی‌ داعش.

توركیا  به‌ فڕۆكه‌خانه‌و سنوره‌كانییه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی‌ داعشدایه‌:

رۆژنامه‌ی‌ لۆفیگارۆ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هۆكاری‌ ئه‌و ته‌حه‌دایه‌ی‌ داعش ده‌یكات بۆ داگیركردنی‌ كۆبانی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێگه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌ هه‌یه‌. چونكه‌ داگیركردنی‌ شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ زامنی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ فراوان ده‌كات له‌ نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌  شاری‌ ره‌قه‌، كه‌ پایته‌ختی‌ داعشه‌، له‌گه‌ل شاری‌ حه‌له‌ب كه‌ شارێكی‌ گه‌وره‌یه‌ و به‌شێكی‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیركراوه‌. هاوكات به‌ داگیركردنی‌ كۆبانی‌ داعش ده‌توانێت پێدوایستییه‌كانی‌ پێبگات له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ توركیاوه‌. له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ گرنگی‌ كۆبانی‌ بۆ داعش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی‌ ده‌توانن له‌ ریگه‌ی‌ توركیاوه‌ به‌ئاسانی‌ نه‌وت به‌قاچاخ بفرۆشن.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌:”وه‌ك ده‌بینین ماوه‌ی‌ هه‌فته‌ونیوێك ده‌بێت به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ هیچ گۆڕانیان به‌سه‌ردانه‌هاتوون و داعش پێشڕه‌وی‌ نه‌كردووه‌.” له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ لێپرسراوێكی‌ تر له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌:”شه‌ڕڤانانی‌ كورد له‌ كۆبانی‌ توانای‌ به‌رگریی‌ كردنیان ده‌بێت.”

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ توركیا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ لێگیرا ئینجا سنوره‌كانی‌ بۆ شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌ كرده‌وه‌، كه‌چی‌ رێكخراوی‌ داعش هه‌میشه‌ و به‌به‌رده‌وامی‌ هاوكاریان له‌ ریگه‌ی‌ توركیاوه‌ پێده‌گات.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ لۆفیگارۆ-ی‌ فه‌ڕه‌نسی‌
وه‌رگێڕانی‌ له‌فه‌ڕه‌نسی‌: كاروان ته‌یب


"فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا متمانه‌یان به‌ شه‌ڕڤانان هه‌یه‌ "

"فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا متمانه‌یان به‌ شه‌ڕڤانان هه‌یه‌ "

 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!