فەیسبووک چەندین ژن و کچى کورد، دەخاتە دۆخێکى دەروونیی

download (1)

فەیسبووک چەندین ژن و کچى کورد و کوردستانى، دەخاتە دۆخێکى دەروونیی ناخۆشەوە و لە پەیج و ئەکاونتى نەشیاو و ساختەدا، وێنەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.

فەیسبووک ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەیە کە ئێستا رۆژ بەرۆژ بەکارهێنەرانى لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکات، بەشێکیان بەشێوەیەکى باش و پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و ئاڵوگۆڕ و وەرگرتنى زانیارى بەکاری دەهێنن و بەشێکى دیکەشیان بۆ رابواردن و لێدان لە کەسایەتیى بەرانبەر و هۆکارى تایبەتى خۆیان روویان لەو تۆڕە بەرفراوانە کردووە.

(س) چالاکوانێکى ژنانە و لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى چەند وێنەیەکى خۆى پێشتر بڵاو کردووەتەوە، دواى ماوەیەک لە یەکێک لە پەیجەکانى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کە تایبەت بە کارى سێکسى و بڵاوکردنەوەى چیرۆکى سێکسیى دروستکراوە، وێنەکەى بۆ رەوانە کراوە و ئەدمینى پەیجەکە دەستخۆشیى لێ کردووە کە ئەویش بووەتە ئەندامێک لە پەیجەکەى، کاتێک پرسیویەتی بۆچى وێنەى ئەویان لەو پەیجە داناوە؟ وەڵامى ئەدمینەکەى چەندین قسەى نەشیاو بووە.
گوتیشى: ”ئەوە دۆخێکى دەروونیى زۆر ناخۆشى بۆ دروست کردووم و تەنانەت دەستبەردارى زۆر کار بووم“.

هاوشێوە (ر) کە کچێکى مامۆستایە و بەردەوام وێنەى خۆى و هاووڕێکانى لە پەیجەکەى خۆى داناوە، گوتى: ”ئەو وێنانەى من دامناون لە پەیجێک بەناوى (….) بڵاو کراوەتەوە تیایدا هاتووە کە ئێمە گرووپێکى سۆزانین و حەزمان بە سێکسکردنە و شوێنمان هەیە بۆ کارى لەشفرۆشى، لەکاتێکدا دوو هاوڕێم کە وێنەى ئەوانیش بەهۆى منەوە بڵاو کراوەتەوە، هەردووکیان هاوسەریان هەیە و منیش سوێند بە خوا دەخۆم، لەگەڵ هیچ کەسێک کارێکى هەڵەم نییە“.
گوتیشى: ”ئەو کارەى من بۆ بڵاوکردنەوەى وێنەى ئەو دوو هاوڕێیەم ئیحراجییەکى یەکجار زۆرى بۆ من دروست کردووە، چونکە ئەو دوو هاوڕێیەم خۆشیان فەیسبووکیان نییە و تەنیا پیاوەکانیان بەکارى دەهێنن، پێیان وتووم ئەگەر پیاوەکانیان وێنەکانیان ببینن لەو پەیجە دانراوە بە تەئکید تەڵاقیان دەدەن“.
ئاماژەى بەوەش دا شەو و رۆژ دەستى لەسەر دڵیەتى و لە خوا دەپارێتەوە فەیسبووک تێکبچێت، یان ئەو کەسەى ئەو پەیجەى کردووەتەوە دڵى نەرم بێت و وێنەکەى لابدات، دەڵێ: ”چەندین نامەم بۆ ناردووە، ئەدمینەکە پێى گوتووم مەرجم هەیە، ئەگەر بێت و بتبینم ئەوە وێنەکان لادەدەم“.
بەپێى دوایین ئامارى دادگاکانى هەرێمى کوردستان، رێژەى تەڵاق لە بەرزبوونەوەى بەردەوامدایە و زۆربەى هاوسەرەکانیش هۆکارى تەڵاقەکانیان مۆبایل و ئەنتەرنێت و خراپ بەکارهێنانى تەکنەلۆجیایە.

لەمبارەوە هیوا حسێن توێژەرى کۆمەڵایەتى گوتى: “هەر تەکنەلۆجیایەک هاتبێتە کوردستان لەبەرئەوەى تاکەکان هۆشیاریان لاواز بووە لەبەرانبەر بەکارهێنانى، قوربانیەکى زۆرى بە دواى خۆیدا هێناوە، چەندین ژن لەسەر مۆبایل کوژراون و بە دەیانیش تەڵاق دارون، ئێستاش رەهەندە خراپەکانى فەیسبووکیش وا دەردەکەوێت، بە دڵنیاییەوە ئەویش قوربانیەکانى کەمتر نابێت لە مۆبایل”.
ئاماژەى بەوەش دا، چارەسەر تەنیا ئەوەیە پڕۆسەى کۆمەڵایەتى بە شێوەیەک باش بکرێت کە تاکێک بەرهەم بهێنێ، خراپ بەکارهێنانى ئەنتەرنێت و تەکنەلۆجیا بە کفر بزانێت و نەیکات.

سه‌رچاوه‌: رێگای ژیان

www.regayzhyan.com


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!