ناساندنی بەرنامەی كیلك (Kelk) ، تەنها بەرنامەی بواری جوان نووسی

پاش بنیات نانی نوسینی ئەلیكترۆنی بەكارهێنانی كیبۆرد لە بری قەڵەم و كاغەز شتێك كە زۆربەمان ئێستا لە یادمان نەماوە (جوان نوسی) یان باشترە بڵێین خەت خۆشیە ، لە ڕاستیدا ئەم تەكنیكی جوان نوسینە جۆرێك لە ئارامی دەدات بە خوێنەر لە كاتی بینییدا و ئەگەر چی ناوەڕۆكەكەشی بێ سوود بێت بەڵام هەر سەرنجی خوێنەر ڕادەكێشیت و دەكەوێتە خوێندنەوەی لاپەڕەیەك كە بە شێوازێكی جوان نووسرابێت ئەگەر ئێستا چەندین جۆر لە فۆنت بنیات نرابێت ئەوە واتای ئەوە نیە کە چیتر پێویستمان بەو تەکنیکە نەبێت کە خۆمان شێوەی پیتەکان دەست نیشان بکەین ، بۆ نمونە ئەگەر من بمەوێت جوانکاریەک لە پیتێکدا بکەم و بیکەم بەسەربابەتێک ئەوا هیچ ڕێگایەک نیە جگە لە هەڵبژاردنی فۆنتێك و ڕازیبوون بە شێوەکەی ، لە ڕاستیدا ئەم بەرنامەی لێرەدا باسی دەکەم بەتەواوی ئێمەی بەکارهێنەر لەم کێشەیە رزگار دەکات و بەتەواوی پێداویستی بەکارهێنەر بۆ ئەم خولیایە پڕ دەکاتەوە ، لێرەدا تەنها ناساندنێك بۆ بەرنامەکە دەنووسم و لە بابەتێکی سەربەخۆدا ڕونکردنەوەی پێویست دەدەم لەسەر داگرتن و چالاککردن و چۆنیەتی بەکارهێنانیشی  .

 بۆ وه‌رگرتنی كلیك له‌سه‌ر داونلۆد بكه‌ن

 ( Size: unknown ) ( ئه‌م فایله‌ 266 جار داگیراوه‌ )

.

بەرنامەکە لەو بوارەدا بە توانایە کە دەست دەگیرێت بەسەر پێک هاتەی وشەکاندا سەرباری ئەم كارەش زمانی نوسینی ئێمە ڕاست بۆ چەپە واتا هاوشێوەی فارسی و عەرەبیە لەم ڕوەوە ئێمە هەر دەبێت بۆ بنیات نانی تێكستێكی جوان پەنا ببەینە یەكێك لەو جۆرە نووسینانەی كە ئەم دوو نەتەوەیە پێ ی دەنووسن ، لە لایەكی تریشەوە لەبەر ئەوەی ئێمە كوردین هەندێك جار پێمان خۆشە لۆگۆیەك یان نیشانەیەك بە زمانی كوردی بەڵام بەشێوەیەكی سەرنج ڕاكێش بنووسین ، ئەم كارەش كەمێك گرانە بە بەرنامەكانی بواری گرافیك ئەگەرچی كۆمەڵێكی ئێجگار زۆر بەرنامە لە بواری دروستكردنی لۆگۆدا بەرهەم هێنراون بەڵام بۆ بابەتی زمانی كوردی دەست نادەن .

بەرنامەی كیلك بەرنامەیەكی تایبەتمەندە بە خەتخۆشی و لە لایەن كۆمپانیای (Sina soft) پاڵپشتی دەكرێت  كە كۆمپانیایەیەكی ئێرانیەو لە ساڵی 2011 دا بنیات نراوە لە بواری دروستكردن و برەو پێدانی سۆفتوێردا كاردەكات و چەندین بەرنامەی بەرهەم هێناوە ، لە ئاستی كۆمپانیاكانی ئێراندا یەكێكە لە كۆمپانیا هەرە باشەكانی ئەم بوارە ، بەرنامەكەی بە پارە بەرهەم هێناوە و دەبێت بۆ كارپێكردنی بیكڕیت ، لە ڕاستیدا لە ئێستادا بەسەدان هۆكاری چالاككردنی دەستبەر كراون ، بەلام هەمیشە بەرنامەكە لە دەرچوە نوێیەكانیدا هەوڵی زیاتری پاراستنی بەرهەمەكەی دەدات وە لە ساڵی 2007 وە یەكەم دەرچوو لەم بەرنامەیە خراوەتە دەست بەكارهێنەران ، لە ئێستادا  دەرچووی (Kelk 2010) و دەرچووی (Kelk 2013) بەرهەم هێناوە بەڵام بەهۆی سەلامەتی چالاكبوونی لە دەرچوی (2010) وە زۆربەی بەكارهێنەران هەر ئەو دەرچووە بەكاردەهێنن .

كیلك بە واتای ئەو ئامرازە دێت كە پێ ی دەنووسرێت واتا پێنووس ئێرانیەكان بۆ نووسینی فارسی ئەم ئامرازەیان بەشێوازێكی هونەری چاككردوە و تەنانەت وانەی تایبەت بە خۆشنوسینیان هەیە لە خوێندنیاندا ، هاوشێوەی ئێرانەیەكان و بەتایبەت لە عێراقدا ئەم شێوازە نووسینە ئێجگار بایەخی پێدراوە تەنانەت زۆربەی جۆری نووسینەكان لە بنەڕەتدا لە عێراقەوە برەوەی پێدراوە لەم بوارەدا عێراق بەراورد بە هەموو وڵاتەكان زۆر لە پێشترە شانازیەكی گەورەی پێ بڕاوە .

بەرنامەكە خۆی لە چەندین جۆری فۆنت پێك دێت كە لە لایەن (36) خۆشنووسی بە ناوبانگەوە یەكەم جار نووسراوە كە بەناوبانگترینیان (یوسف زونون) كە لەساڵی 1932 دا لە موصل لە دایك بووە بەسەرپەرشتی ئەم خۆشنوسە بەرنامەكە خراوەتە بواری جێ بەجێكردنەوە ، لە ڕاستیدا هەر ئەم كەسەش بوو یەكەم جار توانی ئامۆژگاری كۆمپانیاكانی بواری ئەلیكترۆمیات بكات بۆ داخڵ كردنی زمانی عەرەبی بۆ ئامێرەكان و لە سیستەمەكانی مایكرۆسۆفت و ماك و هاوشێوەكانیشدا ئێستاش كارایە و بیرۆكەی كارەكە هی ئەم پیاوەیە .

لە بەرنامەكەدا چەندین جۆری نووسین جێگیر كراوە لە ئێستادا ژمارەی ئەو فۆنتانەی لە بەرنامەكەدا هەن دەگاتە 13 فۆنت و عەرەبی و فارسیە ، بەواتایەکی تر هیچ فۆنتێکی کوردی تێدا نیە ، هاوکات دەتوانرێت فۆنتەکانی ناو کۆمپیوتەرەکەش بە هەمان شێوە بەکاربهێنرێت ئەمەش کارە ڕاستەکەیە کە باری ئێمەی پێ ڕاست دەکرێتەوە ، كاتێك بەكارهێنەرێك دەیەوێت بنوسێت بەرنامەكە ڕێت پێدەدات هەموو جۆرەكان لە تەنها نوسینێكدا كۆبكەیتەوە بۆنمونە لەیەك وشەدا دەتوانیت چەندین جۆر لە پیت تێكەڵ بكەیت و پیتێك بنوسیت كە لە هیچ شوێنێكدا هاوشێوەی نەبێت ئەم كارەش كەسێك دیزاینكاربێت بۆ واتایەكی باشی هەیەو دەزانێت واتای ئەم كارە چیە ، هەر لە بەرنامەكەدا دەتوانێت گۆڕانكاری لە هەر یەكێك لە پیتەكانیشدا بكەیت لە ڕوی لەگۆڕینی شوێن و نزیك و دوری لە یەكەوە ، ئەمە و سەرباری گۆڕینی شوێنی هەر ئامرازێكی سەر پیتەكان وەك جێگوڕكێ كردن بە نوكتەو حەوت و هەشتی كە لە زمانی كوردیدا بەكاردێت

بەكورتی بنەڕەتی كاری بەرنامەكە ئەوەیە كە كاتێك وشەیەك دەنووسین هەڵی دەوەشێنێت بۆ پێك هاتەكانی واتا لەیەكیان جیا دەكاتەوە پیتە چەماوەكان بەجیاو و نوكتەو و ئامرازەكانی تریش بەجیا دواتر دەتوانرێت گۆڕانكاری بكەیت لە شوێنەكانیاندا بەرهەمێكی ناوازەی لێ بنیات بنێیت واتا هەر شتێك كە توانای جیا بوونەوەی هەبێت لە ووشەیەكدا ئەوا دەبێتە بەشێكی سەربەخۆ و بەهۆی ماوسەوە بە تەواوی دەستی بەسەردا دەگیرێت لە جێ گوڕكێ پێكردنیدا .

هەتا ئێستادا كە دوا دەرچووی بریتیە لە (Kelk 2013) ئەم ساڵ بڵاوكراوەتەوە تەنها پشتگیری سیستەمەكانی مایكرۆسۆفت دەكات و لەسەر هەرسێ دەرچووی (XP،Vista ،Windows 7، Windows 8) دادەمەزرێت و بەگەڕدەخرێت سەرباری بوونی كێشە لە كاتی دامەزراندنیدا بەڵام هەر تا ئێستاش نرخی خۆی لەدەست نەداوە بەهەرسێ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی دەتوانرێت بەگەڕبخرێت .

لە بەرنامەكەدا تەنها كاری نوسین و ئەو گۆڕانكاریە بە ئەنجام دەگەیەنرێت كە باسم كرد بەڵام بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوی جوانكاری بكەین لە ڕەنگ و باكگراوندەكەیدا ئەوا لە توانای بەرنامەكەدا نیەو دەبێت پشت بە بەرنامەكانی بواری دیزاین ببەسرێت بۆ ئەم مەبەستە بەرنەمە زۆرە ، هەر بۆیە یەكێك لە كارە هەرە باشەكانی ئەم بەرنامەیە ناردنی فایلی بەرهەمەكەیەتی بۆ بەرنامەكانی تری وەك (فۆتۆشۆپ) لە رێگای ئیكسپۆرتكردنی بەهۆی پاشگری پی دی ئێفەوە و هەروەها ناردنی بۆ بەرنامەی (ئینستراتۆر) بەهۆی پاشگری (ai) كە بەرنامەیەكی ناوازەیە لە بواری چاكسازیكردن و دروستكردنی لۆگۆدا، هەوەها پشتگیری ناردنی بەرهەمەكەی بەشێوەی وێنەدەكات بە پاشگرەكانی وەك (BMP ، CLP ، DCX ، JPG ، PNG ، PSD ،TGA ،TIF ، WMF) كە كار ئاسانییەكی ئێجگار باشە بۆ دیزاین كاران تا بتوانن دووبارە ڕێكی بخەنەوە و بەشێوازێكی جوانتر پرۆژەكەیان بڕازێینەوە  ، ئەم كارەش لە نوسینی تێكستی عەرەبی و بە تایبەتی ئیسلامیدا ئێجگار پڕ بایەخە ، بەڵام بۆ ئێمەی كورد دەتوانین بە جوانترین شێوە لۆگۆی لێ دروست بكەین و ناردنی بەرهەمەكەش لە شێوەی وێنەدا دەبێت و هەر بۆیە لەو بەرنامانەی كە بەمەبەستی وێنەسازی بنیات نراون دووبارە كاریان لەسەر دەكرێتەوە .

ئاماده‌كردنی : هۆشمه‌ند صاڵح :: سه‌رچاوه‌ : l4kurd.com


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!