باسی ‏دەججال‬ لە قورئانی پیرۆزدا .!؟

باسی ‫#‏دەججال‬ لە قورئانی پیرۆزدا … !!! ؟؟؟

بسم الله … ئەوەستین لەبەردەم ڕاستیەك لە قورئاندا ، ڕاستیەکی گەورە !! لەناوەڕۆکی ئەم ڕاستیەوە دەدوێین !! … ڕاستیەکە دەڵێت ئیبلیس ((شەیتان)) تاکە کەس نیە کە چاوەڕێ بکات تاڕۆژی دوایی بمێنێتەوە لەسەر زەوی !! تەنها ئیبلیس هەتا ڕۆژی قیامەت نامێنێتەوە ، ئیبلیس ((سەرۆکی هەموو شەیتانەکان)) هەزاران ساڵە ئەم زەوییە ئاوەدان دەکاتەوە بەڵام کەسی تریش هەن بێجگە لە ئیبلیس کە ئەم زەوییە ئاوەدان دەکەنەوە و ماوەی ژیانیان زۆرە !!!

خوای گەورە لە سوڕەتی [الحجر٣٦-٣٨] دەفەرمووێ {شه‌یتان وتی: په‌روه‌ردگارا، مۆڵه‌تم بده‌ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌مووان زیندوو ده‌کرێنه‌وه‌ ، خوایش فه‌رمووی: ده‌تۆ له‌ مۆڵه‌تدراوانیت ، تا ڕۆژی کاته‌ دیاریکراوو زانراوه‌که‌ (لای خوا) } … وشەی (من) لەم ئایەتەدا بەکار هاتووە ، واتە : یەکێکە لەناو چەند کەسێکدا ، تۆ یەکیکیت لەوانەی چاوەڕوان دەکەیت !! تۆ تەنها کەس نیت کە چاوەڕێ بکەیت تا ڕۆژی دوایی !!

کەواتە لێرەدا کەسی تر هەن بێجگە لە ئیبلیس ئەژین بەهەزاران ساڵە لەسەر زەوی وە چاوەڕوانن !! ، لەو نموونانە ((دەججال))ە ، وە پێویستیشە ئەوە بزانین کە ((سامیری)) ئەوەی لەسەردەمی پێغەمبەر موسا (سەلامی خوای لێبێت) گەلەکەی تووشی فیتنەی گاپەرستی کرد ، ئەوە ((دەججال)) بووە !! ، بەڵام لەوکات کوێر نەبوو ، چونکە ئەوکاتە دەججال کوێر دەبێت کە دەڵێت من خوام ، وە کاتی ئەوە نەبوو ببێت بە دەججال ، وە گەورەترین بەڵگەش کە سامیری هەمان ئەو دەججالەیە کە پێغەمبەرمان ئێمەی لێ ئاگادار کردۆتەوە ئەوەیە کە ((جوبڕەئیل))ی بەچاوەکانی خۆی دەبینی !! ، کە تەنها دوو کەس دەتوانن مەلایکە وەك خۆیان ببینن ئەویش پێغەمبەران و دەججال ، ((ان شاء الله لەدەرفەتێکی تردا هەموو ئەو بەڵگانە دەخەینە ڕوو کە دەیسەلمێنن سامیری دەججالە)) ، وە دوای ئەوەی فیتنەکەی دروستکرد خوای گەورە چی پێ فەرموو لەسەر زمانی پێغەمبەر موسا (سەلامی خوای لیبێت) فەرمووی {بڕۆ کەس ناتوانێت بت گرێت یان لێت نزیك ببێتەوە وە کەس هەواڵت نازانێت وە تێکەڵاویت نابێت مەگەر خۆت بتەوێ} … ئەبێت ئەوە بزانن هەتا ئەمڕۆش ئەم پیاوە ((دەججال)) شوێنکەوتووی هەیە ، کەسانی نزیکی هەیە بەشێوەك کەبەشێکن لەو وە هەرکەسێکی بوێت ئەتوانێ لێی نزیك ببێتەوە ، وە هەرکەسێکی بوێت لانەی بۆ دروست دەکات بەم ناوە ((مساسە)) کە ئێستا ناسراوە بە ((ماسۆن)) !!

((الماسون)) بزوتنەوەی ماسۆنی ، کە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە ، ئەم بزوتنەوەی ماسۆنییە دەججال سەرکردەیانە وە هەزاران ساڵە ئەژی لەم سەر زەوییە !! چەندەها پێغەمبەرانیان کوشتووە ، زەکەریایان کوشتووە ، یەحیایان کوشتووە ، وە هەوڵیاندا عیساش بکوژن … ئەگەر ویستی خوا نەبوایە و بەزەیی خوا نەبوایە ئەوەی بیانویستایە و حەزیان پێ بکردایە ئەیانکرد ، شوێن پەنجەیان هەیە لەدونیای ئیسلامدا و لەناو ئیسلامدا بڵاوەیان کردووە لە قەڕنی یەکەمەوە !! لە چوار خەلیفەکەی ئیسلام کە کوژراون ئەوان سیانیان کوشتووە !!!

ئەم بزوتنەوەیە لەڕێگەی ئامێرەکانیانەوە یان لەڕێی پیاوەکانیانەوە خەڵکی دەکوژن و ئال و بەیتی پێغەمبەریان کوشتووە ، ئەم کارانەیان بەردەوامە هەتا ئەم زەمانەش وە فەسادیان وە زوڵمیان لەسەر زەوی بەردەوامە ، وە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژی بڕیاردەرە ئەم کارانەیان بەردەوام دەبێت … وە خوای گەورە دەفەرمووێ {موسا بەسامیری ووت : بڕۆ تۆ مەوعیدێکت هەیە !!} وتی : بڕۆ بەڵام بەموتڵەقی نا ، بەڵکو (وان لك موعیدا) هەتا ئەو کاتەی کە کاتێکی تریشت بۆ دانراوە وە گومانی تێدانییە !! وە مەوعیدەکەی ئێستایە لەدونیادا !!!

مەوعیدەکەی لە غەوری ئوردنە لەلای عین زوغەر لە زەوییەکی تەخت ، کە کۆدەبنەوە بۆ ئەم پیاوە بەهەزاران کەس لەئەوانەی کە پشتگیری دەکەن وە لەوانەی کە سەربەون ، وە دەججالیش دەبێت بەگەورەیان بۆ جەیشەکانیان و وە چواردەوری قودس و مسجد الاقصی دەدەن ، ئینجا عیسا لەوکاتەدا دادەبەزێت بە هەواڵی موسڵمانان دەزانێت لە مسجد الاقصی وە بەرەو ڕۆژئاوای ئوردن دەڕوات ، کاتێك ئەم پیاوە شەڕانییە (دەججال) گێی لێدەبێت (عیسا) هاتووە کە خوا وەعدی داوە لەسەر دەستی ئەو سامیری (دەججال) بکوژرێت ، یەکسەر دەججال ڕادەکات بەرە و باب لود وە عیسا (سەلامی خوای لێبێت) دوای دەکەوێت بۆ باب لود لەوێ دەیکوژێ و خەڵکی خوێنەکەی دەبینن ، دواتر هەموو ئەو جەماعەتی ئاژاوەیەی کە ڕازیبوون بەوەی دەججال خوایان بێت کە پیاوێکە وەك خۆیان و ئەخوا و ئەخواتەوە و پیسایی دەکرد بەڵام خەڵکی ڕازیبوون بیکەن بە خوا ، ئەمێننەوە ئەو جەماعەتە لەغەوری ئوردن هەتا ئیمانداران دەگەنە ئەوێ وە زەوی پاك دەکەنەوە لە پیسی ئەو جەماعەتە …

وە پێویستە ئەوە بزانن دەججال مردوو زیندوو دەکاتەوە وە خەڵك دەمرێنێت وە فەرمان بە ئاسمان دەکات کە ببارێت وە فەرمان بە زەوی دەکات بڕوێت !! خوای گەورە توانای زۆر دەدات بە دەججال و زۆر نهێنی سەر ئەم زەوییە دەزانێت کە ئەم زەوییە پڕە لە نهێنی ، خوای گەورە هەندێك لەم نهێنیانە دەدات بە دەججال بەڵام ئەم پیاوە کە ئەم نهێنیانە وەردەگرێت خۆی بەگەورە دەزانێت …

ئەم ئایەتەی ئێستا باسی دەکەین تایبەتە بە دەججال !!! خوای گەورە لە سوڕەتی [الاعراف١٧٥] دەفەرمووێ {ئه‌ی محمد(صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی ئه‌و که‌سه‌یان به‌سه‌ردا بخوێنه‌ره‌وه‌ که‌ بەڵگەکانی خۆمانمان پێبه‌خشی بوو، که‌چی ئه‌ویش خۆی لێ داماڵی و خۆی لێ دووره‌ په‌رێز گرت، ئه‌وسا ئیتر شه‌یتان شوێنی که‌وت و دایه‌پێش و چووه‌ ڕیزی سه‌ر لێشێواوانه‌وه‌} … خوای گەورە تەنها یەك بەڵگەی نەداوەتێ ، بەڵکو چەندەها بەڵگەی داوەتێ ، ئەی بەڵگەکانی خوا چین ؟ ئەمانەن بەڵگەی (ڕۆژ و شەو و باران و وشکی و زەوی و …) هەندێك لەو بەڵگانەی داوەتێ ، خوای گەورە هەندێك لەو بەڵگانە ئەم نهێنیانە دەدات بە دەججال ، بەڵام سوپاسی خوای لەسەر ناکات ، نابێتە بەندەیەکی ملکەچ بۆ خوا ، وەکو سولەیمان (سەلامی خوای لێبێت) کاتێك خوای گەورە بەهرەی ئەوەی پێدا بوو کە حوکمی جنۆکە و ئینسانی دەکرد و بای خستبووە ژێر دەستی وە باڵندەی خستبووە ژێر دەستی وە چەندەها شتی خستبووە ژێر دەستی ، خوای گەورە دەفەرمووێ {بەڵام سولەیمان وتی : پەروەردگارا یارمەتیم بدە کە سوپاسگوزاری نیعمەتەکانی تۆ ببم کە بەسەر منتدا ڕژاندووە} … خوای گەورە بەڵگەی دا بە عیسا (سەلامی خوای لێبێت) بەڵام وتی {من بەندەی خوام} … بەڵام ئەم پیاوە ((دەججال)) بەڵگەکانی گۆڕی لەسەر زەوی وە ئەمێنێتەوە وە شەیتان دوای کەوتووە وە هاوپەیمانی هەیە لەگەڵیدا وە هاوەڵیەتی ، ڵەگەڵ هەندێکیاندا تەحالوفی هەیە ، خوای گەورە دەفەرمووێ {شەیتان شوێنی کەوت و چووە ڕیزی سەرلێشێواوانەوە} …

خوای گەورە لە سوڕەتی [فصلت٢٩] دەفەرمووێ {له‌ قیامه‌تدا ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون وتیان: په‌روه‌ردگارا، ئه‌و دووانەمان نیشان بده‌ له‌ په‌ری و ئاده‌میزاد که‌ گومڕایان کردین بیانخه‌ینه‌ ژێر پێمانه‌وه‌، تا هه‌ر له‌ ژێره‌وه‌ بن}

ئەو دوو کەسە کێن ؟ دووکەس بوونەتە هۆی چونە جەهەننەمی ملیارات خەڵك لە جنۆکە و مرۆف ؟ ئەو دوو کەسە یەکێکیان لە جنۆکەیە و ئەویتریان لە مرۆڤە !!!

ئەو دوو کەسە ((ئیبلیس)) و ((دەججال)) ن ، لەنێوانیاندا هاوپەیمانی هەتا هەتایی هەیە ، وە ئەگەر سەرنجیش بدەن ماسۆنییەکان ئەو ڕاستییە بەشێوەی هێماو ئیشارەت دەردەبڕن و زۆربەی جار دەستیان بەشێوەك بەرز دەکەنەوە کە تەنها دوو پەنجەیان بەرز دەکەنەوە یان ئەو هێمایەی کە پێێ دەوترێ هێمای سەرکەوتن ! و دووپەنجە بەرز دەکەنەوە ، ئەوە هێمای هاوپەیمانیەتی نێوان دەججال و ئیبلیسە تا ڕۆژی دیاریکراو !!! وە ئەو هاوپەیمانییەتە کە ئەبێتە هۆی ملیارات خەڵك بەرەو کوفر دەبات وە بەرەو ئینکاری وە نەناسینی خوا وە کێ خوایە ؟؟؟ دەبات …

خوای گەورە دەفەرمووێ {ئه‌ی محمد(صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی ئه‌و که‌سه‌یان به‌سه‌ردا بخوێنه‌ره‌وه‌ که‌ بەڵگەکانی خۆمانمان پێبه‌خشی بوو، که‌چی ئه‌ویش خۆی لێ داماڵی و خۆی لێ دووره‌ په‌رێز گرت، ئه‌وسا ئیتر شه‌یتان شوێنی که‌وت و دایه‌پێش و چووه‌ ڕیزی سه‌ر لێشێواوانه‌وه‌}

 


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!