تەختەکلیلی کوردی بەشێوەیەکی فەرمی بۆ سیستمی کڕۆم جێگیرکرا

chromebook-kurdish-1024x418

کڕۆم بوک جۆرێکی نوێی ئامێری لاپتۆپە کەوا کۆمپانیای گوگڵ دروستی کردووە وە لەڕێگەی سیستمی کڕۆم کاردەکات. کۆمپانیای گووگڵ ئەم جۆرە بەرهەمەی بەشێوەیەک دیزاین کردووە کە بەکارهێنەران دەتوانن بە خێراترین و کەمترین کات سود لە کڵاود کۆمپیوتینگ وەربگرن. ئەم جۆرە سیستەمە نوێیە بەوە ناسراوە کە سادە و خێرا و پارێزراوترە لە بەکارهێناندا. ئەم بەرهەمەی گوگڵ یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی بەردەوام پێویستیان بە بەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی سەر هێڵی ئەنتەرنێت هەیە. زۆربەی نەتەوەکانی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی زمان و تەختە کلیلی تایبەت بەخۆیان لە سیستمی کڕۆم جێگیر کردووە.

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی زمان و پیتەکانی زمانی کوردی لەخشتەی یونیکۆد وە هەروەها هەماهەنگی نزیک لەگەڵ گەورە بەرپرسانی گوگڵ توانی تەختەکلیلی کوردی بەشێوەی فەرمی بۆ سیستمی کڕۆم جێگیر بکات. ئەم هەنگاوەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بە دەستکەوتێکی گرینگ هەژماردەکرێت بۆ پاراستن و ناساندنی زمانی کوردی لە جیهانی ئەنتەرنێتدا وە دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ بەکارهێنەرانی زمانی کوردی بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ستاندارد و ڕێکخراو بتوانن تەختەکلیلی کوردی بەکاربهێنن. بەکارهێنەرانی سیستمی کڕۆم دەتوانن زمانی کوردی هاوشێوەی زمانەکانی تر بەکار بهێنن. وە ئەم تەختە کلیلە بەهەردوو شێوازی نووسینی QWERTY و AZERTY ئامادەکراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد ” بەفەرمی ناساندنی تەختەکلیلی کوردی لەلایەن کۆمپانیای گوگڵ دەسکەوتێکی گرینگە بۆ نەتەوەی کورد چونکە جێگیرکردنی زمان و تەختەکلیلی کوردی لەپاڵ زمان و تەختە کلیلی زمانەکانی تردا دەبێتە فاکتەرێکی گرینگ بۆ پاراستنی زمان و شوناسی نەتەوەکەمان لە جیهانی ئەنتەرنێتدا وە ڕێکخستنی شێوازی نوسین بە زمانی کوردی بەشێوەیەکی ستاندارد. بەم هەنگاوەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری هاونیشتیمانیان و بەکارهێنەرانی زمانی کوردی پێویستیان بە هیچ تەختەکلیلێکی تر نابێت بۆ نوسین وە بەئاسانی دەتوانن تەختەکلیلی کوردی لە سیستمی کڕۆم بەکار بهێنن.”

سەرچاوە پێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!