ڤیدیۆ و زانیاری..ئایرباس ئۆتۆمبێلی فڕیو بەرهەم دێنێت

 
كۆمپانیای ئایرباسی ئەمەریكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فڕۆكە ئاشكرای كرد، لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی دیزاینكردن بەناوی “ئیتالدیزاین” ئۆتۆمبێلێكی فڕیو بەرهەم دەهێنێت و دەستی بە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كردووە.
 
لە حەوتی ئەم مانگە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی جنێڤ بۆ ئۆتۆمبێل، یەكەم نموونەی ئەو ئۆتۆمبێلە فڕیوە خودكارە بەناوی “پۆپ ئاپ” خرایە ڕوو، كە دەتوانێ دوو كەس هەڵبگرێ و لە بەشی ژێرەوەی و تایەكانی جیا دەبێتەوە و بە ئامێرێكی تری چوار پەروانەیییەوە دەلكێ و بە ئاسماندا دەفڕی و دەسووڕێتەوە، دەتوانێ پێوەندی و هەماهەنگیش لەگەڵ ئامرازەكانی تری گواستنەوە بكات وەك شەمەندەفەر خێرا و پێشكەوتووەكان.
 
“پۆپ ئاپ” یەكێكە لە كۆمەڵێك نموونەی پێشنیازكراوی كۆمپانیای ئایرباس لەمیانەی پڕۆژەیەك بەناوی “ڤاهانا” كە بۆ گەشەپێدانی گواستنەوەی گشتی لە نێو شارەكان دەستی پێ كردووە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلە لەگەڵ مۆبایلە زیرەكەكان پێوەست دەكرێ و سیستەمی پێشنیازكردنی باشترین شێواز بۆ تەواوكردنی گەشتەكان بەبێ وەستان لە ترافیك و كاریگەری دانان لەسەر هاتوچۆ ئەنجام دەدات و لەسەر زەوی و لە ئاسمانیشدا بەگوێرەی پێویستی و ڕەچاوكردنی جەنجاڵی هاتوچۆ، جۆری ڕۆیشتنی ئاسمانی یان زەمینی هەڵدەبژێرێت.
 
كاتێك تووشی جەنجاڵی و قەرەباڵغی نێو شەقامەكان بوون، ئەوا هاوشێوەی كەپسوولەیەك بەشی سەرەوەی ئۆتۆمبێلەكە لە تایەكانی جیا دەبێتەوە و كێشی تەنیا 200 كیلۆگرامی دەمێنێ و بە فڕۆكەیەكی خودكار پێوەست دەكرێ بەناوی “VTOL” كە دەتوانێ بە شێوەیەكی ستوونی بەرز ببێتەوە و خاوەنی چوار پەروانەیە و درێژییەكەی پێنج مەتر دەبێت.
 
دوای ئەوەی گەیشتنە شوێنی مەبەست، ئۆتۆمبێلەكە دەچێتە شوێنی تایبەتی شەحنكردنەوە تا بۆ گەشتی داهاتوو ئامادە بێت. فڕۆكە خودكارەكە دەتوانێ بە خێرایی 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا بڕوا و بە 15 خولەكیش بە تەواوی شەحن دەبێتەوە.
 
تا ئێستە نرخی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە و تێچووەكەی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام زۆرینەی بەشەكانی لە كاربۆن دروست كراوە تا كێشێكی سووكی هەبێ و سەرنشینەكانیشی لە ڕۆیشتنی زەمینی و ئاسمانی، بەهیچ شێوەیەك شوێنی خۆیان ناگۆڕن و تەنیا بەشێكی ئۆتۆمبێلەكە لێ دەبێتەوە و بە هەلیكۆپتەرێكی بچووكەوە دەلكێ و دەچێتە ئاسمان.


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!