دەسەڵاتی خوای گەورە لەلیكی ناو دەمدا لیكی ناو دەم و سودەكانی

خوای گەورە مرۆڤی بەباشترینە شێوە دروستكردووە ، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بمێنێتەوە كۆمەڵێك ئەندام و ڕژێن و هۆرمۆنی دروستكردووە لەناو جەستەیدا ، تاوەكو كاری لەش بكەن وەكو ئەوەی پێویستە و گونجاوە ، یەكێ‌ لەو ڕژێنە گرنگانە كە خوای گەورە دروستیكردووە لەناو جەستەماندا بریتیە لە لیكی ناو دەم ، دەتوانین بڵێن ژیانی مرۆڤ بەبێ‌ بوونی لیك مەحاڵە و زەحمەتە دوا ئەوەی كە لەكار و گرنگی لیك تێدەگەین كە چ كار و گرنگیەكی سەر سوڕهێنەری هەیە ، جەستەمان سەدەها شتی تری وەكو ئەمەی تیایە كە گرنگن و بەبێ‌ ئەوانە ناتوانین ژیان بكەین ، بەڵام بەداخەوە ئێمە وورد نەبوینەتەوە لێیان و سەرنجمان نەداوە و وەكو خۆی كە پێویستە بیزانین نەمان زانیوە ، خوای گەورە دەفەرموێت(وفی انفسكم افلا تبصرون ) واتە لەخودی خۆشتاندا (لەهەموو خانەیەكی لەشدا، لەهەموو ئەندامێكداو، لەهەموو كۆئەندامێكدا، لەرۆح ونەفس و عەقڵدا… هتد بەڵگەی بێ سنوور هەیە لەسەر زانایی و بەتوانایی و جوانكاری زاتی بەدیهێنەر) ئایا ئەوەبۆ بینایتان ناخەنەكار ؟

لیك بەشێوەیەكی خۆنەویست دەردەدرێت ، لەڕێگەی كردارێكی ڕێك و پێكەوە بەشێوەیەكی وورد دەڕێژرێت ، ئەویش بەهۆی هاندانی كۆئەندامی دەماریەوەیە ، هەر كاتێك خۆراكێك ببینیت یا سەیری بكەیت ، ئەوا لیك دەردەدرێت .

جۆری لیكە ڕژێنەكان :
ڕژێنەكانی لیك لەناو دەم و قوڕگدا هەن ، لەدیارترین ڕژێنەكانی لیك ئەمانەن كە بە لیكە ڕژێنە سەرەكیەكان ناو دەبرێن :
1-لاملە ڕژێن (غدە نكفیە) : لەڕێگەی كەناڵێكەوە لەتەنیشت ددانەكانی سەرەوە لیك دەڕێژێتە ناو دەمەوە .
2-ژێر چەناگە ڕژێن : لەڕێگەی بەشی پێشەوەی ژێر زمان لیك دەڕێژێتە ناو دەمەوە .
3-ڕژێنی ژێر زمان : ئەمیش لە ڕێگەی زۆرێك كەناڵەوە دەردەدرێت كە لە ڕووی دەم دا هەن .
سەرە ڕای ئەم ڕژێنانە ، سەدەها ڕژێنی تری بچوك هەن كە پێیان دەوترێت ڕژێنی لیكی سادە ، كە دەكەونە لێوەكان و ماوەی ناوەوەی ڕومەتەكان و ناوپۆشی دەم و قوڕگ و لوت ، كە بە ووردبین دەتوانرێت ببینرێن .
بوونی ئەم هەموو ڕژێنانە گرنگی و سودی ئەم مادەیە دەردەخەن .
پێكهاتەی لیك :
لیك ماددەیەكی تفتە و ئاو بەشی زۆری پێك دەهێنێت كە نزیكەی لە (98%) دەبێت .
لیك خۆێ‌ یەكانی خوێن و كالسیۆم و فۆسفات ی تیایە .
لیك پێكهاتەی دژە بەكتریای تێدایە .
لیك ئەنزیمی جیاوازی تیایە .

سودەكانی لیكی ناودەم :
1-تەڕو شێداركردن : لیك وادەكات كە ناوپۆشی دەم و قوڕگ بەتەڕی بمێنێتەوە ، كە ئەمەش بۆ تەندروستی ناو دەم گرنگە ، ئەگەرنا ناو دەم ووشك دەبێت و ناوپۆشەكەی دەقڵیشێت و توێك بەردەدات ، ئەمەش دەبێتە هۆی هێرشكردنی میكرۆب .
2-ئاسان جوین و قوتدانی خۆراك : لیك كار دەكاتە سەر ئەوەی خۆراك نەرم بكات و تەڕی بكات ، ئەمەش ئاسانكاری دروست دەكات بۆ جوین و جوڵەی زمان ، وە دەبێتە هۆی ئەوەی كە پارووە خۆراكەكە تەڕ و نەرم و گونجاو بێت تاوەكو بەئاسانی بچێتە خوارە بۆناو سورێنچك .
3-ئاسانكردنی قسەكردن : تەڕ و شێداربوونی دەم بناغەیە بۆ قسەكردن ، چونكە بۆ دەرچوونی دەنگ پێویستی بە جوڵە هاوبەشەكانی زمان و لێوەكان دەبێت ، ئەگەر نا ووتەكان ڕوون نابن ، هەروەها قسەكردنی درێژ پێویستی بە لێو تەڕكردن هەیە چەندەها جار لەبەرئەوەی لەكاتی قسەكردندا لیك دەبێتە هەڵم .
4-هاوسەنگ كردنی گیراوە ترشیەكان : لیك بەشێوەیەكی زۆرتر دەردەدرێت لەكاتی خواردنەوەی گیراوەكاندا بەتایبەتی ترشیەكان ، ترشیەكان هاوسەنگ دەكات و كاریگەریە ئازاریەكانی ناهێلێت ، لیك ترشێتی گەددە هاوسەنگ دەكات چونكە لیك ماددەیەكی تفتە و كاریگەری ترشێتی كەم دەكاتەوە .
5-لیك خۆراكی گەرم سارد دەكاتەوە و خۆراكی ساردیش گەرم دەكاتەوە .
6-لیك هەڵدەسێت بە پاڵپشتیكردنی ددان بە هەندێ‌ توخمی كانزایی بۆ خۆراك پێدانی پێش دەرچوونی .
7-لیك كالسیۆم و فۆسفاتی تیایە كە كاردەكەن لەسەر نەهێشتنی شیبونەوەی ددانەكان .
8-لیك چینێك پێكدێنێت لەپڕۆتیناتی شەكری كە لێكخشانی ددانەكان كەمتر دەكاتەوە .
9-لیك ئەنزیمی (ئەمیلەیز)ی تیایە ، كە هەڵدەسێت بە تێكشكانی نیشاستە بۆ شەكری ماڵتۆز(شەكری جۆ)، ئەم جۆرە هەرسكردنە لەدەم دا دەست پێدەكات ، هەروەها ڕژێنەكانی لیك ئەنزیمی (لایپەیز) دەردەدەن كە گرنگە بۆ هەرسكردنی چەوری ، بەتایبەتی لای مناڵی تازە بوو .
10-بەهۆی لیكەوە دەتوانرێت هەست بەتامكردنی خۆراكە جیاوازەكان بكرێت ، چونكە ئەگەر سەر ڕووی زمان ووشك بێت ئەوا چەشە گۆپكەكان ناتوانن هەست بەتامی خۆراك بكەن .
11-لیك پاككەرەوەیەكی سروشتی ناو دەمە ، لەبەرئەوەی ماددەی دژە بەكتریای تیایە و هەلدەسێت بەكوشتنی بەكتریاكان (IMMUNOGLOBULIN)، یارمەتی چاكبونەوەی ڕووشان و برینەكانی ناو دەدات بەشێوەیەكی سەر سوڕهێنەر ، ئەوەی جێگەی تێڕامانە كە زۆرێك لەخەڵكی شوێنی برینەكەیان دەلێسنەوە بە بێ‌ ئاگایی ، نازانن كە لێستنەوە یارمەتی پاككردنەوەی برین دەدات لە ڕێگەی لابردنی تەنە گەورە پیس بووەكان .
لەهەندێ‌ شوێن و ناوچەی كوردستان كاتێك كەسێك توشی برینی لێو یا تامێسكە دەبێت ، دەچن بۆلای كەسێك تاوەكو تفی لێ بدات بۆماوەی سێ‌ جار (سێ‌ ڕۆژ) ، بەمەبەستی چاكبونەوەی برینەكە ، بەڵام دەبێت بزانین كە هەموو مرۆڤەكان وەكو یەك وان لە ڕووی پێكهاتەی لیكەوە و كەسێكی تایبەتتر نیە بەو بوارە بۆیە دەتوانرێت لیكی كەسەكە خۆی بدات لە برینەكانی لێوی بۆ چاكبونەوە .
12-لیك هۆرمۆمی (كاسیتین) دەردەدات ، كە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەكردنی چەشە گۆپكە بڵاوبووەكانی سەر ڕووی زمان .
13-لیك هۆكارێكە بۆ دۆزینەوەی هەندێ‌ لە نەخۆشیەكان ، زاناكان لە هەوڵی گەشەپێدانی زیاتر دان لەو بارەیەوە تاوەكو بۆ دۆزینەوەی هەندێك نەخۆشی نمونەیەك لەلیك وەربگرن لەباتی خوێن لەڕێگەی ئەو هۆرمۆن و ماددانەی كە لیكدا هەن .

بڕی لیكی دەردراو لە ڕۆژێكدا :
بڕی دەردانی لیك ئەندازە دەكرێت بە (0,5-1,5) لیتر لە ڕۆژێكدا ، بۆ نمونە لە مرۆڤدا ڕژێنی ژێر چەناگە نزیەی (70-75) %ی دەرددەدات ، لاملە ڕژێن نزیكەی (20-25)% دەردەدات ، ڕژێنی ژێر زمانیش تەنها بڕێكی زۆر كەم دەردەدات .
ئەگەر بڕی ئەولیكەی دەردەدرێت پێنج قاتی ئەوە بوایە كە دەردەدرێت ، ئەوا مرۆڤەكە تەوتو بێزار دەبوو ، وە بێتاقەت دەبوو بەهۆی لیك زۆریەوە ، وەكو هەندێ كەس كە لیكە ڕژێنەكانیان توشی هەوكردن بوونە ، بەڵام خوای گەورە هەموو شتەكانی بە ئەندازەی تایبەتی خۆی دیاریكردووە و بەپێی پێویست لیك دەڕژێت .
وە ئەگەر بێت و بڕی لیكی دەردراو كەمتر بێت ئەوا دەبێتە هۆی ووشكبونەوەی دەم و لە نیشانەكانیشی :
-هەست نەكردنی بە ئارامی .
-گرانی لە خواردن و قوتداندا .
-گرانی لە چەشتندا .
-گران قسەكردن .
-ڕووبەڕووبونەووی هەوكردنی پوك و برینی ناو دەم .
-زیادبووونی ڕێژەی كلۆربوونی ددان .

دەسەڵاتی خوایی لە لیكی مرۆڤدا كاتی خەوتن !!
ئەی ئینسان تۆ خەوتویت ، چویتەتە قوڵایی خەوەوە و لیكیش زۆر بووە و كۆ بۆتەوە لەناو دەمت دا ، بۆڕی هەواش كراوەتەوە بۆ هەناسەدانت ، خەریكە لیكەكە بگاتە بۆڕی هەناسەدانت و بچێتە ناوی و بتخنكێنێت ، بەڵام لەم كاتەدا ئیشارەتێك دەڕوات بۆ مێشك ، كە لیك زۆر بووە لە ناو دەمتدا، مێشكیش فەرمانێك دەردەكات بۆ زمانە بچكۆلە ، ئەویش هەڵدەسێت بە داخستنی بۆڕی هەوا ، وە بۆڕی سورێنچك (خواردن ) دەكاتەوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لەو تفە و نەتخنكێنێت ، دوای ئەوە زمانە بچكۆلە دەرگای خواردن دادەخات و دەرگای بۆڕی هەوا دەكاتەوە بۆ هەناسەدانت . ئەم فەرمانە لە مێشكەوە دەر دەچێت بۆ زمانە بچكۆلە لەكاتێكدا تۆ خەوتویت و بێ‌ ئاگایت ! بەڵام خوای گەورە ئاگاداری تۆ دەكات و نایەلێت زیانت پێ‌ بگات . سبحان الله !! ناتوانین پاداشتی خوا بدەینەوە چاكەی زۆری بەسەرمانەوە هەیە .

لەتیف رووف- رۆشنبیری ئیسلامی

سه‌رچاوه‌كان:

archive.aawsat.com/details.asp?section=15&article=566476&issueno=11469

https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%84%D8%B9%D8%A7%D8%A8

https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%BA%D8%AF%D8%A9_%D9%84%D8%B9%D8%A7%D8%A8%D9%8A%D8%A9

http://www.tbeeb.net/a-1462.htm

http://asnanak.net -salivary-glands-and-saliva/


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!