چەند رێنماییەک بۆ شەحنکردنەوەی ئامێرەكانتان

كەمبوونەوە یان نەمانی شەحنی مۆبایل و كۆمپیوتەر تابلێتەكانمان رۆژانە سەقاڵمان دەكەن، هەندێك بیروڕای هەڵە هەیە سەبارەت بە چۆنێتی شەحنكردنەوەی ئەو ئامێرانە، لە رووی زانستیشەوە پێویست بە دڵگرانی ناكات لەو دۆخانەدا.

باتری مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانی ئەمڕۆ زۆرینەیان باتری جۆری (لیتیۆم ئایۆن)ن، كە باشتر وایە نەهێڵرێت بە تەواوەتی شەحنەكەی تەواو ببێت دووبارە شەحن بكرێنەوە، لەو كاتەشدا لێی گەڕێ‌ تا بە تەواوی شەحن دەبێتەوە. ئەمەش هەندێك حاڵەتی دیكەن بۆ ئەو مەبەستە:

– چارەكێك یان نیو یان تەواو شەحنكردنەوەی باتری ئامێرەكانتان، بچوكترین زیانی نییە بۆ سەر باترییەكە، ئەوە كەوتۆتە سەر كات و حەزی خۆتان.

– ئامێرە نوێیەكان هەندێك هەستەوەریان بۆ دانراوە لە كاتی تەواو پڕبووندا، شەحنكردنەوەی رادەگرێت، بەوەش دەتوانیت شەو تا بەیانی ئامێرەكانتان بە شەحنەوە جێ‌ بهێڵن زیانیشی نییە.

– پێویست ناكات شەحنەكەی تەواوبێت ئینجا بیدەیتەوە لە شەحن، باشترە كاتێك باترییەكانتان هاتە سەر (20%) بدرێتەوە لە شەحن.

– لە رۆژێكدا دەتوانن چەندی بتانەوێت ئامێرەكانتان بە شەحنەوە بێت، بەڵام باشترە لەو كاتانەدا نەیاری پێبكەن، نە تەلەفۆن و نە ئینتەرنێت و شتی لەو بابەتە، چونكە كارپێكردن وزە لە باترییەكەوە رادەكێشێت و دەكرێت ڤۆڵتییەی كارەباش زۆر گونجاو نەبێت (بە تایبەتی موەلیدە ئەهلییەكان)، ئەوەش دەبێتە هۆی گەرمبوون یان ئەگەری تەقینی باترییەكان دەكرێت لەو كاتانەدا.

– هەموو باتریەك تەمەنێكی گریمانەیی هەیە، زۆرینەی باترییەكانی جۆری (لیتیۆم) كە لە مۆبایل و كۆمپیوتە و ئەوانەدا بەكاردەهێنرێت، تەمەنیان (3 تا 4) ساڵە، لەوە بەدواوە ناتوانن پارێزگاری لە وزەی هەڵگیراو بكەن.

– ئامێرەكان هەندێك كات خێرا و هەندێك كات خاو پڕ دەبنەوە، ئەوەش هیچ زیانێكی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە چەند شتێكەوە هەیە، وەك هێز و ڤۆڵتییەی كارەبا، پلەی گەرمی ناو ژوور، ئیشپێكردنی هەندێك ئەپ و وای فای و بلوتوس و ئەوانە.

– ئەگەر ویستتان ئامێرەكانتان بۆ ماوەیەكی زۆر بە شەحنەوە بێت بۆ نمونە لە شەوەوە تا بەیانی كاتی دەوام، ئەوا باشترە لەسەر روویەكی فێنك یان ساردی وەك كۆنكرێت و كاشی دایبنێن، بە جۆرێك دیوی باترییەكەی بكەوێتە ژێرەوە.


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!