هاککەرێک لە کوردستان دەستگیرکرا

عەبدوڵڵا شەو تا بەیانی سەری لەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەر بوو، تا وای لێهات بووە كەسێكی شارەزا لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا بەگشتی و جۆرەكانی هاككردن بەتایبەتی، بەڵام تواناكەی بووە بەڵا بۆ چەندین كچ و پەیجی گشتی و تایبەتی.
عەبدوڵڵا ئەحمەد تەمەن 22 ساڵ كە ناوی خوازراویەتی، خەڵكی دەوروبەری شاری هەولێرە، بۆ (رووداو)ی باس دەكات كە چۆن پەیوەست بووە بە مۆبایلەوە “وەك تلیاك گیرۆدەی مۆبایل بووم، دوای ئەوەی ناوم لە پەیمانگا دەرچوو، كە خواستی من نەبوو. دەمویست بچمە كۆلێژ. زیاتر ئاڵوودە بووم، بەجۆرێك لەماوەی ساڵێكدا توانیم لەڕێگەی یوتوب تەواو خۆم فێربكەم و داونلۆدی هەموو بەرنامە هاككەرەكان بكەم. شەوان دوو بۆ سێ سەعات دەنووستم، ژیانم بوو بە هاككردن”.
عەبدوڵڵا هۆكاری بوون بە هاككەر بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە هیچ كارێكی نەبووە بیكات و سەرەتا وەك حەزێك بووە “تەنیا حەزم لە دەستگرتن بوو بەسەر پەیجەكاندا، چێژم لەوە دەبینی كە تكام لێبكەن تا بۆیان بگەڕێنمەوە، بۆیە چەندین ئینستاگرامی كچم هاك دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی داوایان دەكرد و دەگریان، دەمدانەوە”. عەبدوڵڵا دەشڵێت “ئەو گەنجانەی خەریكی دروستكردنی باند و هاككردنن، ئەگەر وەك من زیندانی نەكرێن واز ناهێنن، چونكە تێكەڵی خوێنمان بووە”.
عەبدوڵڵا باس لە جۆرەكانی هاككردن دەكات “هاك باك ئارچ و هاك باك تراك كە یەكەمیان بۆ شكاندنی كۆدی ئینتەرنێت و دووەمیشیان بۆ پارازیت خستنە سەر كەناڵ و دەزگاكانە، ئەگەرچی بەهەزاران كۆدی تێدایە و ئیشی كەم نییە، بەڵام ئاسانە ئەگەر مێشكێكی فراوانت هەبێت. جۆری سێیەمیش هاككردنە لەڕێگەی ئیمەیڵی كەسەكانەوە كە كارێكی زۆر ئاسانە لەلای من. ئەویش بە ناردنی لینكێك كە خاوەن پەیجەكە یاخود كەسەكە وادەزانێت لە كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆی هاتووە”.
عەبدوڵڵا خۆی دەكات بە خاوەنی یەكێك لەو كۆمپانیایانە و داوای لێدەكات لەماوەی 24 كاژێر ئینستاگرام كۆمفێرن بكە، ئەگینا پەیجەكەت دادەخرێت، كەسەكەش دەچێتە نێو لینكەكە و پاسۆردی خۆی لێدەدات، راستەوخۆ بۆ ئەو دەچێت. عەبدوڵڵا دەڵێت “ئەوە كاری من بوو، حەزی خۆم بوو، پێم خۆش نەبوو كەسێك لە تەكنەلۆیا نەزانێت و ئیشی پێبكات، چونكە هەر كەسێك تەكنەلۆژیا بزانێ، دەبێت بزانێت هاككەر چەندە فێڵی هەیە”.
(ش) یەكێكە لە خاوەنی وێنەگرە بەناوبانگ و ناسراوەكانی هەرێمی كوردستان. كە زیاتر لە 330 هەزار لایك بۆ ئینستاگرامەكەی هاتووە، كە تایبەتە بە ئاهەنگی بووكگواستنەوە و ماوەی چوار رۆژە ئەكاونتەكەی نەماوە.
(ش) لەبارەی نەمانی ئەكاونتەكەیەوە دەڵێت “بەیانی بوو ئەكاونتەكەم نەما، دواتر بۆ شەو هاتەوە، بەڵام دوای 10 كاژێر دووبارە نەمایەوە، لینكێك هات بەناوی ئینستاگرام، ئێمەش كە خاوەن فۆڵۆیەكی زۆرین وامانزانی كۆمپانیای ئینستاگرام ناردوویەتی، بەڵام لەڕێگەی هاوڕێكانمەوە ئاگاداركرامەوە كە ئەكاونتەكە هەر بە ناوی خۆمان كراوەتەوە، ئێمەش دایرێكتمان بۆ كرد و نووسیمان تۆ كێی، ئەویش گوتی من ئەم ئەكاونتەم لە كەسێكی خەڵكی سلێمانی كڕیوەتەوە بە 410 دۆلار، منیش پێمگوت ئەمە هی ئێمەیە و ناكرێت دەستی لێبدەی، چونكە وێنەی هەزاران كەسی تێدایە، كە لای ئێمە ماونەتەوە، بۆیە هیچكام لەم وێنانە بڵاونەكەیتەوە و كێشەمان پارە نابێت. ئەویش گوتی من ئیشم بەم پەیجە نییە، تەنیا پارەكەم بدەنەوە و هیچی دیكەم ناوێت”.
(ش) دەشڵێت “زۆر هەوڵمدا لەگەڵی دابنیشم، بۆیە دوای چەند رۆژێك رازی بوو بیبینم و ئەكاونتەكەی لێبكڕمەوە بە 500 دۆلار، بۆیە رۆژی 12/3/2017 هاتم بۆ هەولێر، سەرەتا ناونیشانێكی پێدام، بەڵام كە چووم لەوێ نەبوو، بە تەلەفۆن ئاگاداری كردمەوە كە بچمە ناونیشانێكی دیكە، بەڵام لەوێش نەبوو، دواتر پێیگووتم كە بڕۆمە ناونیشانێكی دیكە، كە چووم لەوێ عەبدوڵڵام بینی، بۆیە پێموایە كە عەبدوڵڵا بەتەنیا نییە و ئەوان باندن، چونكە ناونیشانی یەكەم و دووەمی پێ گۆڕیم، دیارە كەسی لەو ناونیشانانە داناوە و بۆ ئەوەی دڵنیابێت كە كەسم لەگەڵ نییە، چونكە دەیزانی بەتەنیا نیم”.
عەبدوڵڵا شارەزا بووە لە هاككردن، بەڵام سەرەڕای گۆڕینی چەندین ناونیشان. نەیتوانیوە شارەزایانە لە دوای هێزە ئەمنییەكان خۆی دەرباز بكات.
(ش) گوتی “عەبدوڵڵا لەو ماوەیە بە زیاتر لە 10 ژمارە پەیوەندی پێوەكردم. دوای ئەوەی ناونیشانی سێیەمی پێدام بە تەنیا چوومە شوێنەكە. هاوڕێكانم و پۆلیسی شارەوانی كە پێشتر ئاگادارم كردبوونەوە, لە دوورەوە چاودێریان دەكرد، دوای ئەوەی كە بینیم و رێككەوتین، لەكاتی مامەڵەكە و پێدانی پارەكە بە سوپاسەوە لەلایەن پۆلیسی شارەوانییەوە دەستگیركرا”.
مقەدەم فەخرەدین نوری، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانیی هەولێر لەبارەی ئەم كەیسەوە بە (رووداو)ی گوت “پاش ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی ئاگادار كراینەوە كە كەسێك لە هەولێر پەیجەكەیانی كە تایبەتە بە وێنەگرتن هاككردووە و لە بەرامبەر دانەوەیدا داوای پارە دەكات،  ئێمەش لەڕێگەی پۆلیسی شارەوانییەوە لەكاتی مامەڵەی رادەستكردنی پارەكە لەلایەن خاوەن پەیجەكەوە، توانیمان كەسی تۆمەتبار دەستگیربكەین”.

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!