دەستنوێژ چییە ؟ چۆن دەستنوێژ بگرم ؟ | بەم شێوەیە دەستنوێژ بگرە

بسم الله الرحمن الرحيم پرسیار/ چۆن دەستنوێژ بگرم ؟ وەڵام/ لە دەستنوێژگرتندا ئەبێت ڕەچاوی بەکارهێنانی ئاو بکەین و ئاو زۆر خەسار نەکەین ۱ـ لە دەستپێکی دەستنوێژدا پێویستە نییەت بێنین لەدڵمانەوە واتە بەدڵ بڕیار بدەین کە دەستنوێژ ئەگرین نەوەک دەست و دەم وچاو شتنێکی ئاسایی بێت وە نییەت هێنان بەدەم هیچ بەڵگەیەکی شەرعی لەسەر نییە و پێغەمبەر ﷺ بەدەم نییەتی نەهێناوە، بەڵام مەرجە نییەتەکە لەدڵماندا هەبێت ۲ـ بۆ هەموو کارێک بە ناوی خوا دەست پێئەکەین و بەدەم ئەڵێین (بـِســمِ الـلّـه) یان (بـِســمِ الـلّـه الـرَّحمـنِ الـرَّحـیم) ئەگەر بەنەزانین یان بەلەبیرچوون یان بەئەنقەست (بـِســمِ الـلّـه)مان نەکرد ئەوا دەستنوێژەکەمان تەواوە و کێشە نییە ۳ـ دەستمان تا مەچەک ئەشۆین بەئاو و صابون، ئەگەر بەس بەئاویش بێت ئاساییە، وە ئەگەر نەیشیشۆین هەر ئاساییە ٤ـ سێ(۳) جار غەرغەرە ئەکەین و لوتمان پاک ئەکەینەوە ٥ـ سێ(۳) یان دوو(۲) یان یەک(۱) جار ئاو ئەکەین بە دەم و چاوماندا دەم و چاو واتە: لەناوچەوانەوە بۆ چەناگە، وە لەگوێچکەی ڕاست بۆ گوێچکەی چەپ ئەبێت ئاوی بەرکەوێت ٦ـ سێ(۳) یان دوو(۲) یان یەک(۱) جار دەستی ڕاستمان لە پەنجەکانەوە تا ئانیشک پاشان دەستی چەپمان لە پەنجەکانەوە تا ئانیشک وە ئانیشکیش ئەشۆین ۷ـ دەستمان تەڕ ئەکەین و سەرمانی پێئەسڕین جارێک لەپێشەوەی سەر بۆ پشتەوە جارێک لە پشتەوە بۆ پێشەوەی سەر، ئەشتوانین هەر یەک(۱) جار لە پێشەوە بۆ پشتەوە مەسحی سەرمان بکەین پاشان لەگەڵ مەسحی سەرماندا گوێچکەکانمان پاک ئەکەینەوە دەرەوە و ناوەوەی، ئەگەر گوێچکەمان پاک نەکەینەوە ڕێگەپێدراوە (جائِز)ـە بەڵام مەسحی سەر واجب(فەرز)ـە چونکە لە ئایەتەکەدا هاتووە و ئەگەر مەسحی سەرمان نەکەین دەستنوێژەکەمان بەتاڵە و دروست نییە ۸ـ سێ(۳) یان دوو(۲) یان یەک(۱) جار قاچی ڕاستمان تا قولەپێ پاشان قاچی چەپمان تا قولەپێ وە قولەپێمان ئەشۆین ۹ـ لە کۆتایی دەستنوێژدا ئەڵێین (أشهد أن لا إله إلا اللّه وحدە لا شريك له وأشهد أن محمدا عبده ورسوله) واللّه أعلى وأعز وأعلم والسلام علیکم ورحمة اللّه وبركاته ئاماده‌كردنی : ئیسلام بناسە Islam bnasa dastnwezh

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!