چۆنێتی دروستکردنی کفتەی سلێمانی

کفتەی سلێمانی یاخود کفتەی سابونکەران بە بەناوبانگترین و بەتامترین جۆری کفتە ناسراوە لە کوردستاندا و چ لە شێوازی دروستکردن و پێکهاتەکانیشیدا تایبەتمەندی خۆی هەیە.

کەرەستەکان بۆ ٤ کەس:

١ کوپ بڕوێش
نیو کوپ برنج
نیو کیلۆ گۆشت (دەبێت بە دەست ورد بکرێت)
٢ سەلک پیاز
زیت
کەرەوز
بەهارات و خوێ بە پێی ئارەزوو
گوێز و کشمیش بە پێی ئارەزوو
چۆنێتی ئامادەکردن:

برنجەکە بە بێ رۆن و چەوری دەکوڵێنیت و دواتر وەک هەویری کوبە دەیشێلیت.
لە کاتێکدا خەریکی کوڵاندنی برنجەکەیت بڕوێشەکە لە ناو ئاودا دابنێ تا بخوسێت و دواتر بیگوشە و ئاوی پێوە مەهێڵە و لەگەڵ برنجەکەدا بیشێلە.
گۆشتەکە دەبێت بەدەست لەتبکرێت و بکوڵیندرێت.
پیاز و کەرەوزەکە ورد دەکرێت و لە کاتێکدا کە گۆشتەکە خەریکە ئاوەکەی هەڵدەچنێت کەمێک زەیت بکە بەسەریدا و دواتریش پیاز و کەرەوزەکەی لەگەڵدا سوربکەرەوە، و ئەگەر ئارەزووت لە گوێز و کشمیشەکەش بوو بۆی زیادبکە و پاشان بەهارات و خوێیەکەش بکە بەسەریدا.
پاش ئامادەبوونی کەرەستەکان ئینجا دەست بکە بە پێچانەوەی کفتەکە و لەو سوپەدا بیکوڵێنە کە بۆی ئامادە دەکەیت.
چۆنێتی ئامادەکردنی سوپ:

ئەگەر ئارەزوت لێبێت دەتوانیت سپێناخ لەناو رۆن و پیازدا سوربکەیتەوە و پاشان دۆشاوی تەماتەی بۆ زیاد بکەیت و دواتریش بە پێی پێویست ئاو و خوێ و بیبەری رەش بکەیت بەسەریدا و بیکوڵێنیت.
دواتریش کفتەکان دەکەیتە ناوی تاوەکو دەکوڵێت و ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردن.


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!