سێگۆشەی بەرمۆدا : گروپێك لە توێژەرەوانی روسیا‌و نەرویج. گەیشتونەتە دەرئەنجام


هەر كە باسی سێگۆشەی بەرمۆدا دەكرێت، یەكسەر قوتدان‌و هەڵلوشینی كەشتی‌و فڕۆكەو هەموو ئەو شتانە دێتە خەیاڵمان، كە لەوێدا ون دەبن، تائێستا نهێنی ئەو سیگۆشەیە هەر بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام ئەمجارە گروپێك لە توێژەرەوانی روسیا‌و نەرویج دەڵێن، گەیشتونەتە دەرئەنجام.
ئەو توێژەرەوانە بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكە، پشتیان بە توێژینەوەیەك لە سیبریا بەستووە. ئەوان دەڵێن: “هۆكاری نەهامەتییەكانی سیگۆشەی بەرمۆدا، غازی میسانە”. ئەوان راپۆرتەكەیان لەگۆڤاری زانست‌و ئایندەدا بڵاوكردۆتەوەو تێیدا دووپاتیانكردۆتەوە، كە ناوچەیەكیان لە روسیا بینیوەو ژمارەیەك زۆر قڵیشانیان لەزەوییەكەدا بینیوەو بێ ئەوەی هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختەی هەبێت، دەكرێتەوەو بڕێكی زەبەلاحی غازی میسان دەردەكات‌و پاشان چاڵی گەورە دروست دەكات.
بەبۆچوونی پسپۆڕە روسی‌و نەرویجییەكان، رەنگە ئەو غازە ببێتەهۆی ئەو رووداوانەی لەسێگۆشەی بەرمۆدا روودەدەن، كە ناوچەیەكی بەرفراوانەو هێندەی ویلایەتی فلۆریدا دەبێت لەئەمریكاو دەكەوێتە نێوان بەرمۆداو میامی‌و پۆرتۆریكۆ.
ئەوان شیكردنەوەی زیاتریان بۆ حاڵەتەكە كردووەو دەڵێن: “رەنگە ئەو غازە بەشێوەی بڵق‌و پەنگخواردنەوە بكەوێتەسەر رووی ئاوەكەو رێ لە كەشتییەكان دەگرێت بسوڕێنەوە، بۆیە بەشێوەی ستوونی دەكەونە ژێر ئاوی زەریاكەوە”.
ئەی فڕۆكە بۆ؟
ئەوان وەڵامی ئەو پرسیارەش دەدەنەوەو دەڵێن: “غازی میسان لەهەوادا سوكە، ئەگەر بەبڕێكی زۆر چڕببێتەوە ئەوا بەخێراییەكی زۆر بەرزدەبێتەوەو دەچێتە هەواوەو تائاستێكی زۆر بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی زەرەر گەیاندن بەماتۆڕی فڕۆكەكان‌و راداریان‌و پاشان كەوتنەخوارەوەیان.
ئەو پسپۆڕانە جارێكی تریش جەختدەكەنەوە، كە تەقینەوەكانی غازی میسان بەشێوەیەكی كتوپڕو پێش ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە روودەدات‌و كاتێك كەشتییەك بەناوچەكەدا دەڕوات، ناتوانێت خۆی لابدات‌و لەكاریگەرییەكانی تەقینەوەكە رزگاری ببێت.
توێژینەوەكە لەلایەن توێژەرەوانی سەنتەری نەرویجی بۆ غاز لە جەمسەری باكوور بەپشتیوانی ئاژانسی فیدرالیی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەی سروشتیی ژێرزەوی روسیا ئەنجامدراوە.
لەوبارەیەشەوە باڤڵ سیرۆڤ سەرپەرشتیاری سەرەكیی توێژینەوەكە دەڵێت: “ئەو بڵقەو پەنگخواردنەوەیە سەرەتا كە دەستپێدەكات، رووبەری هەزار مەتر دەگرێتەوەو 5-9 مەتریش لەئاستی رووكاری دەرەوەی زەریاكە بەرزدەبێتەوەو پاشان لەقۆناغی دووەمدا دەتەقێتەوە”.

…………………….
س:کوردستانی نوێ


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!