كە زەبر بەر سەر دەكەوێت

.

كە زەبر بەر سەر دەكەوێت
بەگشتی زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر Head Injury مەترسی هەیە، ئەگەر نیشانەكانی خێرا و هاوكاتیش نەبن لەگەڵ زەبرەكەدا لەوانەیە لە پاشەڕۆژدا زوو یان درەنگ نیشانەیەك یان پتر سەرهەڵبدات، وەكو سەرئێشە، پەركەم، لاوازبوونی بەشێكی لەش. گەلێك لە زاناكانی هۆمیۆپاتی Homeopathy دەڵێن كە زۆربەی نەخۆشییەكان لە ئەنجامی زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر پەیدا دەبن جا زەبرەكە تووند یان سووك بێت، كۆن یان نوێ بێت، كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری خوێنبەربوون یان برینداربوونی بەشێكی مێشك كە زوو دەستنیشان دەكرێ. زۆرجاریش زەبر دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوونێكی كەم وەكو گرێیەكی زۆر بچووك كە لەوانەیە بە وێنەگرتنی ڕەنینی موگناتیسی MRI كە دەزگایەكی زۆر پێشكەوتووە و هەستیارە نەدۆزرێتەوە، دەرئەنجام ئەمڕۆ یا سبەی كێشەیەكی تەندروستی پەیدا بكات. ئێستا دەزگای پێشكەوتووتر هەیە كە لە توانایدایەی گرێی یەكجار بچووك لە مێشكدا دەستنیشان بكات وەكو دەزگای MSI و دەزگای PETH. مەترسی زەبری دەرەكی لەوەدایە كە تا چ ڕادەیەك بەشەكانی یان شانەكانی مێشك زیانیان پێگەیشتووە كە بە نیشانەكان و پشكنینەكان دەستنیشان دەكرێت، بۆ نموونە برینەكانی پێستی سەر، شكانەكانی ئێسكی كاسەی سەر، برینداربوون و تێكشكانی شانەكانی مێشك، خوێنبەربوون و كۆبوونەوەی خوێن Hematoma لە شوێنێكی مێشكدا كە فشار دەخاتە سەر شانەكانی مێشك كە لەوانەیە بێتە ئەگەری نیشانەی وەكو لەخۆچوون، جووڵەی خۆنەویست لە لەشدا، ناڕێكی لە كرداری هەناسە وەرگرتن و هەناسە دانەوەدا.

 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!