نه‌ریتی‌ وڵاتان له‌دواین شه‌وی‌ ساڵدا

نه‌ریتی‌ وڵاتان له‌دواین شه‌وی‌ ساڵدا

گه‌لانی‌ وڵاتانی‌ جیهان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتوون له‌دواین شه‌وی‌ ساڵدا كۆببنه‌وه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ساڵی‌ نوێ‌، خاڵی‌ هاوبه‌شیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كاندا خواردنی‌ ژه‌مێك له‌خواردنی‌ تایبه‌ت‌و گرانبه‌هایه‌ له‌گه‌ڵ شیرینی‌ جۆراوجۆر‌و خواردنه‌وه‌دا.

به‌گوێره‌ی‌ نه‌ریته‌ ڕۆشنبیرییه‌ باوه‌كان، باوه‌ڕه‌ ئایینییه‌كان‌و شوێنه‌ جوگرافییه‌كان به‌چه‌ندین شێوازی‌ جیاواز له‌جیهاندا یادكردنه‌وه‌‌و مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ نمونه‌ له‌وانه‌:
هندییه‌ سوره‌كان له‌به‌ره‌به‌یانی‌ ساڵی‌ نوێوه‌ تا نیوه‌ی‌ شه‌و هیچ ناخۆن، له‌دوای‌ ئه‌و كاته‌وه‌ به‌خواردن‌و خواردنه‌وه‌ی‌ هه‌مه‌چه‌شن‌و خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌ندامانی‌ خێزان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیاندا به‌سڵاو‌و پیرۆزبایی‌ پێشوازی‌ له‌ساڵی‌ نوێ‌ ده‌كه‌ن، هیوای‌ ساڵێكی‌ خۆش بۆ یه‌كتری‌ ده‌خوازن.

فه‌ره‌نسییه‌كانیش  به‌خواردنه‌وه‌ی‌ (شه‌راب) مه‌ی‌ كۆن پێشوازی‌ له‌ساڵی‌ نوێ‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ماڵه‌كانیاندا ماوه‌یه‌كی‌ زۆر تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵگرتنیدا، بڕوایان وایه‌ مانه‌وه‌ی‌ (شه‌راب) مه‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ماڵه‌وه‌ تا ساڵی‌ نوێ‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ هێنانی‌ شه‌ڕ‌و ناخۆشی‌، له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ به‌لایانه‌وه‌ په‌سه‌نده‌ ئه‌و جۆره‌ مه‌یه‌ بخۆنه‌وه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماڵه‌وه‌دا بیهێڵنه‌وه‌.

به‌نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ نوێ‌، كچانی‌ (پۆڵه‌ندا) له‌شێوه‌ی‌ كه‌روێشكدا خۆیان ده‌ڕازێننه‌وه‌‌و سه‌وزه‌ ده‌خۆن، له‌و بڕوایه‌دان به‌و شێوه‌یه‌ خێر‌و خۆشی‌‌و سه‌لامه‌تی‌ به‌رده‌وامیان بۆ دێت له‌ساڵی‌ نوێدا.

ده‌ڵێن گه‌لی‌ (پاراگوا)ی‌ خواردنی‌ خوارده‌مه‌نییه‌ گه‌رمه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ڕۆژ پێش هاتنی‌ ساڵی‌ نوێ‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، چ سه‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌ت‌و فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌ت بێت یاخود هاوڵاتی‌ ئاسایی‌ بێت، ده‌بێت ته‌نها خوارده‌مه‌نییه‌ سارده‌كان بخۆن، له‌گه‌ڵ لێدانی‌ زه‌نگی‌ سه‌ری‌ ساڵی‌ نوێشدا، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌خواردنی‌ جۆراوجۆری‌ گه‌رم وه‌ك پێشوازیكردن له‌ساڵی‌ نوێ‌ به‌گه‌رمی‌.

خه‌ڵكی‌ (مه‌دگشقه‌ر) حه‌وت ڕۆژ پێش هاتنی‌ ساڵی‌ نوێ‌ خواردنی‌ گۆشت قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، له‌دواین شه‌وی‌ ساڵیشدا ته‌نها گۆشتی‌ په‌له‌وه‌ری‌ ده‌واجینه‌كان ده‌خۆن، له‌ڕۆژی‌ دواییدا یان له‌جه‌ژنی‌ سه‌ری‌ ساڵی‌ نوێدا هاوسه‌ره‌كان وه‌ك ده‌ربڕینی‌ ڕێزێك كلكی‌ كه‌ڵه‌شێر پێشكه‌ش به‌دایك‌و باوكیان ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌ربڕینی‌ چاودێریكردن‌و خۆشه‌ویستیش بۆ خوشك‌و براكانیان قاچی‌ كه‌ڵه‌شێریان پێشكه‌شده‌كه‌ن.
(نه‌مسا)ییه‌كانیش له‌جه‌ژنی‌ سه‌ری‌ ساڵی‌ نوێدا خواردنی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ ده‌ریا قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و جۆره‌ بوونه‌وه‌ره‌ زیان بۆ خانه‌واده‌و كاره‌كه‌یان ده‌هێنێت.

هه‌ندێكیش له‌كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانی‌ باكوری‌ (ڤێتنام) كۆتا شه‌وی‌ ساڵ بخورد له‌پاڵ بیری‌ ئاودا یان ڕووباردا داده‌گرسێنن‌و ئاو له‌و شوێنه‌ ده‌به‌ن، دوابه‌دوای‌ (پیرۆز) ته‌قدیس كردنی‌ باو ‌و باپیران به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ خێزان‌و له‌نیوه‌ی‌ شه‌ویشدا ده‌ست ده‌كه‌ن به‌پێشكه‌شكردنی‌ خواردنێكی‌ گرانبه‌ها، خواردنی‌ شۆرباش قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ بڕوایان وایه‌ ئافات‌و زیان به‌كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت.

گه‌لی‌ (مه‌جه‌ر)یش له‌سه‌ری‌ ساڵی‌ نوێدا خواردنی‌ گۆشتی‌ په‌له‌وه‌ر قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن، به‌و بڕوایه‌ی‌ باڵی‌ په‌له‌وه‌ر خۆشبه‌ختی‌ له‌ساڵی‌ نوێدا دوورده‌خاته‌وه‌، له‌یه‌كه‌م ڕۆژی‌ ساڵی‌ نوێشدا دیاری‌ پێشكه‌ش به‌خزم‌و هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر دیارییه‌كان وێنه‌ی‌ كرێكاری‌ پاككه‌ره‌وه‌ی‌ دوكه‌ڵكێشی‌ له‌سه‌ر كێشراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌مانای‌ لابردنی‌ شته‌ كۆنه‌كان‌و پێشوازیكردنه‌ له‌هاتنی‌ ساڵی‌ نوێ‌.

(ئیسپانیا)ش له‌دوایین شه‌وی‌ ساڵدا دوای‌ بیستنی‌ لێدانی‌ زه‌نگی‌ كڵێساكان ترێ‌ ده‌خۆن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ر دوانزده‌ مانگه‌كه‌، دوانزده‌ ده‌نك ترێ‌ ده‌خۆن به‌وبڕوایه‌ی‌ هه‌ر ده‌نكێك مانایه‌كی‌ دیاری‌ كراوی‌ هه‌یه‌، ده‌نكی‌ یه‌كه‌م نیشانه‌ی‌ سه‌لامه‌تییه‌، ده‌نكه‌كانی‌ دیكه‌ش به‌واتای‌ (پێكه‌ویی‌، دڵخۆشیی‌، ده‌وڵه‌مه‌ندیی‌، دڵسۆزیی‌‌و ڕێگریكردن له‌كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان‌و ته‌ندروستییه‌كی‌ باش، گه‌شه‌سه‌ندن‌و فراوانبوونی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و سه‌ركه‌وتن له‌كاردا له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی‌ هیواو ئاواته‌كان‌و خۆشه‌ویستی‌‌و خۆشبه‌ختییه‌).

ئه‌گه‌ر خێزانیك له‌خێزانه‌كانی‌ (بولگاریا) داوه‌تی‌ كه‌سێك بكات بۆ شه‌وی‌ سه‌ری‌ ساڵ، ئه‌گه‌ر چه‌ند جارێك میوانه‌كه‌ بپژمێت، دوای‌ ئه‌وه‌ دیارییه‌كی‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت كه‌ مه‌ڕێكی‌ بچوك یان جوانویه‌كه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ لای‌ بولگارییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پژمه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ میوان له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌دا به‌خته‌وه‌ر‌و سه‌لامه‌تی‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت به‌درێژایی‌ ساڵی‌ نوێ‌.
—————————————————————–
و : نیاز جه‌لال   


نه‌ریتی‌ وڵاتان له‌دواین شه‌وی‌ ساڵدا

نه‌ریتی‌ وڵاتان له‌دواین شه‌وی‌ ساڵدا

 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!