هاوڕێیەتی مەسڵەحەت چی

هاوڕێیەتی مەسڵەحەت چی

دەگێڕنەوە کوڕێکی دەشتەکی هەبوو، هەمشە دایکی ئامۆژگاری دەکرد کە
هاوڕێیەتی (مەسڵەحەت چی) نەکات
کوڕەکەش ووتی: باشە چۆن بزانم کە کێ مەسڵەحەت چییە؟
ووتی: خۆی بە زمانی خۆی پێت دەڵێت؛
دایکی مرد و ئەویش زۆر خەمبار بوو و بەتەنها مایەوە
بۆیە بڕیاریدا کە خانووەکەیان بفرۆشێت و ئەو شارە بەجێ بهێڵێت
وشترێک و چەکێکی کڕی و پارەکەی تری هەڵگرت و کۆچی کرد،
لەڕێگەدا پیاوێکی برینداری بینی کە قاچێکی شکابوو،
خەریک بوو لە تینواندا دەخنکا
لە وشترەکەی هاتە خوارەوە و ئاوی پێدا ،
وە جامانەکەی لابرد و قاچی پیاوەکەی پێبەست
پاشان سوار وشترەکەی کرد و پێکەوە ڕۆیشتن
لەڕێگەدا خەریکی قسەکردن بوون و
کوڕەکە لێی پرسی: چیت لێبەسەرهاتووە و چۆن وات لێهاتووە؟
ئەویش ووتی: لە شەڕدا بووین و تێکشکاین
منیش قاچم برینداربوو و هاوڕێکانیشم جێیانهێشتم؛
دواتر پیاوە بریندارەکە پرسیاری لە کوڕەکە کرد دەربارەی خۆی
ئەویش باسی خۆی و دایکی بۆکرد و ووتی: هەمیشە ئامۆژگاری دەکردم کە هاوڕێیەتی مەسڵەحەت چی نەکەم
پیاوەکەش ووتی: من کەسێکی مەسڵەحەتچیم
کوڕەکەش پێکەنی و پێکەوە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن
تا گەیشتنە لای بیرێک و پیاوە بریندارەکە ووتی:
من دەچم کەمێک ئاو بهێنم
گەنجەکەش ووتی: نەخێر، تۆ برینداری من دەچم
دواتر پەتێکی بەست بە ملی وشترەکەوە و پاشان دابەزییە ناو بیرەکەو بتڵێک ئاوی هێنا
دواتر دووبارە دابەزییە ناو بیرەکە تاکو ئاو بۆ وشترەکەی بهێنێ،
وە کاتێ گەیشتە سەر بەردێک لە بنی بیرەکەدا
پیاوەکە پەتەکەی قرتاند و هەڵیدایە ناو بیرەکە
گەنجەکەش هاواری کرد: ئەی فڵان، پەتەکە!!
ئەویش ووتی: من لە سەرەتاوە پێمووتی کە کەسێکی مەسڵەحەتچیم
گەنجەکەش ووتی: وشترەکە و چەک و پارەکە بۆ تۆ
بەڵام لێرە دەرمبهێنە
ئەویش ووتی: تا بمکوژی!!
ووتی: سوێند بەخوا ناتکوژم
بەڵام پیاوەکە ووتی: نەخێر
پاشان ڕۆیشت و گەنجەکەی لە بیرەکەدا جێهێشت
ئەویش بیری لە ئامۆژگاریەکەی دایکی دەکردەوە؛
کاتێک شەو داهات و گەیشتە نیوەشەو
چەند باڵندەیەک لەسەر بیرەکە نیشتنەوە،
دەستیان کرد بە قسەکردن
ئەو باڵندانە دوو جنۆکە بوون لەسەر شێوەی قەلەڕەش
یەکەمیان بە دووەمی ووت: تۆ فڵان کەس دەناسی؟
ووتی: بەڵێ
ووتی: کچە جوانەکەیت لەبیرە
کە سەدان پیاو چوونەتە خوازبێنی، بەڵام هەموویانی ڕەتکردووەتەوە؟
ووتی: بەڵێ بیرمە
ووتی: جادوویەکی گەورەم لێکردووە
وەک شێتی لێهاتووە
جلەکانی دەدڕێنێت و هاواردەکات
وە ئێستا هیچ کەس ناچێتە داوای،
پوچەڵکردنەوەی جادووەکەش زۆر ئاسانە
ووتی: چۆن؟
ووتی: ۷ جار سورەتی فاتحە بەسەر پەرداخێک ئاودا دەخوێنرێت و دەرخواردی کچەکە دەدرێت
بەو جۆرە چاک دەبێتەوە بە ئیزنی خودا
قەلەڕەشی دووەمیش ووتی:
تۆ هیچت نەکردووە هاوڕێ
تۆ شاری پیاوە ڕیشسپیەکەت بیرە،
ئەوەی بە سەوزایی و کشتوکاڵ و ئاو بەناوبانگ بوو؟
ووتی: بەڵێ
ووتی: جادوویەکی گەورەم لێکردووە
ئاوی بیرەکانیم ووشککردووە
ئێستاش بووەتە چۆڵەوانی و کەسی لێ ناژی
ووتی: چۆن؟!
ووتی: سەرچاوەی ئاوی بیرەکانم گرتووە کە دەکەوێتە ژێر شاخەکەوە،
ئەویش تاکە سەرچاوەی ئاوی بیرەکانە
بەو جۆرە هەموویم ووشککردووە؛
پووچەڵکردنەوەی ئەو جادووەش کارێکی زۆر ئاسانە
ووتی: چۆن؟
ووتی: دوو ئایەتی کۆتایی سورەتی البقرە و سورەتی الناس و الفلق بەسەر پەرداخێک ئاودا دەخوێنرێت و دەکرێت بەسەرچاوەی ئاوەکەدا،
بەو جۆرە جادووەکە دەکرێتەوەو ئاوەکە هەڵدەقوڵێتەوە
لەو کاتەشدا گەنجەکە لە خوارەوەی بیرەکەوە گوێی لە تەواوی قسەکانی دوو جنۆکەکە بوو؛
بەڵام ئەوان ئاگاداری ئەو نەبوون،
ڕۆژ بووەوە و دوو قەلەڕەشەکە هەڵفڕین،
دواتر کاروانێک بەنزیک بیرەکەدا ڕۆیشتن و لەوێ لایاندا و سەتڵێکیان هەڵدایە ناو بیرەکە تاکو ئاو دەربهێنن
بەڵام کوڕەکە سەتڵەکەی لێکردەوە،
ووتیان ڕەنگە بەر بەردێکی تیژ کەوتبێت و پەتەکە قرتابێت
پاشان سەتڵێکی تریان هەڵدایە بیرەکەوە
بەڵام ئەویشی لێکردەوە
سێهەمیش بەهەمان شێوە
سەرۆکی کاروانەکە ووتی:
دڵنیام شتێک لەناو ئەم بیرەدایە، کێ دەچێتە خوارەوە تا بزانێ چییە؟
ئازاترینیان هاتە پێشەوەو ووتی: من دەچم
وە کاتێک گەیشتە لای بەردەکە گەنجەکەی بینی
ووتی: بسم الله، تۆ مرۆڤی یان جنۆکە؟
ووتی: من مرۆڤم و چیرۆکی خۆی بۆ گێڕایەوە
ئەویش لێی پرسی: ئەی بۆچی سەتڵەکانت لێکردەوە؟
ووتی: ئەگەر خۆم بە سەتڵەکەدا هەڵبواسیایەو منتان ببینیایە
دەترسان و پەتەکەتان بەردەدا و منیش دەکەووتم و دەمردم
دواتر پیاوەکە هاتە دەرەوەو چیرۆکی کوڕەکەی بۆ گێڕانەوە
پاشان هێنایانە دەرەوە لێیان پرسی کە بۆ کوێ دەچێت
ووتی: بۆ شاری کچە جادوولێکراوەکە
ووتیان: ئێمەش بۆ ئەوێ دەچین، وەرە بتگەیەنین؛
کاتێک گەیشتنە شارەکە سەرۆکی هۆزەکە پێشوازی لێکردن و بردنیەوە ماڵی خۆی،
کاتێک دانیشتن و میوانداری لێکردن
گەنجەکە دەنگی هاواری گوێ لێبوو
ووتی: ئەوە چی بوو؟!!
پیاوەکەش گووتی: ئەوە دەنگی کچەکەمە، ٤ساڵە بەڵایەکی تووشبووە و هیچ دکتۆر و حەکیمێک نەماوە کە نیبەم بۆلای، بەڵام بێسوود بووە
ووتی: چیم پێدەدەیت گەر چارەسەری کچەکەت بکەم؟
ووتی: هەرچی کە بتەوێ
ووتی: کچەکەتم پێدەدەیت لەگەڵ بڕێک پارە
ووتی: باشە، بەڵام دەتوانیت؟!
ووتی: کەمێک ئاوم بۆ بهێنن
کچەکەش هەروا خەریکی هاوارکردن و دڕاندنی جلەکانی بوو،
سورەتی فاتحەی بەسەر ئاوەکەدا خوێند و پرژاندی بە دەموچاوی کچەکەدا و دەرخواردی دا
پاشان کچەکە چاکبوویەوە
باوکی گووتی: داوای هەرچی دەکەیت بیکە
ووتی: پارە و کچەکەتم پێبدە
ووتی: خانوویەکیشت لە نزیک خۆمەوە پێدەدەم
کوڕەکە ووتی: نا، دەچم بۆ ئەو شارەی کە ئاوەکەی ووشک بووە
باوکی کچەکە ووتی: چی دەکەیت لە شارێک کە ئاوی تێدا نییە؟
ووتی: کارێکم هەیە لەوێ
پاشان خۆی ئامادەکرد و ژنەکەی لەگەڵ خۆی برد و ڕۆیشت
کاتێ گەیشتە شارەکە، بینی تەنها ۳ماڵی تێدایە و ئاو لە شوێنی دوورەوە دێنن و ئەوانی دیکە هەموویان کۆچیان کردووە؛
چووە ماڵی ڕیشسپی شارەکە و لێی پرسی: چی بەسەر ئەم شارەدا هاتووە؟
ووتی: ئەم شارە پێشتر دەوڵەمەند بوو بە ئاو و بەروبووم،
پێش ٤ساڵ ووشکێتی ڕوویتێکرد و ئاوی بیرەکان ووشکی کرد
ئێستاش بەم جۆرەیە کە دەیبینی
ووتی: چیم پێدەدەی گەر ئاوی بیرەکان بگەڕێنمەوە؟
ووتی: هەرچی کە بتەوێ، بەڵام دەتوانی؟!
ووتی: کێڵگەیەک و ماڵێک و بڕێک پارەم دەوێ
ووتی: پێتدەدەم
ووتی: بیرە سەرەکیەکە(سەرچاوەکە) لەکوێیە؟
ئەویش پیشانیدا
ووتی: کەمێک ئاوم بۆ بهێنن، پاشان سورەتەکانی بەسەردا خوێند و ڕشتی بە سەرچاوەکەدا
پاشان ئاو وەک نافوورە هەڵقوڵا
وە خۆشی بۆ شارەکە گەڕایەوە
ئەویش کێڵگەیەکی دەستکەووت و بە ڕێز و شکۆوە لەگەڵ ڕیشسپیەکە و خەڵکی شارەکەدا دەژیا؛
ڕۆژێک لە ڕۆژان میوانێکی هات…!
میوانەکەش پیاوە مەسڵەحەتچیەکە بوو
گەنجەکە ناسییەوە و پێی ووت: منت بیرە؟
ووتی: نەخێر
ووتی: من ئەو گەنجەم کە لە بیرەکەدا جێتهێشت
پیاوەکەش لێی پرسی: چۆن ئاوا دەوڵەمەند بووی؟
ئەویش چیرۆکەکەی بۆ گێڕایەوە،
پیاوە مەسڵەحەتچیەکەش هەستا و ڕۆیشت
گەنجەکە ووتی: بۆ کوێ؟!!
ووتی: دەچم بۆلای بیرەکە
ووتی: چاوەڕێکە تا ڕۆژدەبێتەوە
بەڵام پیاوەکە ووتی: سوێند بەخوا ئەمشەو لەو بیرەدا نەبێ ناخەوم
پاشان ڕۆیشت
کاتێک گەیشتە بیرەکەو شەو داهات
دوو قەلەڕەشەکە هاتنەوە و لەسەر بیرەکە نیشتنەوە
لەبەرئەوەی کۆتایی هەموو ساڵێکی کۆچی لەسەر ئەو بیرە دەنیشتنەوە و کۆدەبوونەوە و قسەیان دەکرد
یەکەمیان ووتی: فڵان، دەزانی چی بەسەر کچی سەرۆک هۆزەکەدا هاتووە؟
ووتی: چی؟
ووتی: جادووەکەی پووچەڵکراوەتەوە
ئەوی تریش ووتی: ئەو شارەی کە من ئاوم لێگرتبووەوە ئاوی بۆ گەڕاوەتەوە و جادووەکەی پووچەڵکراوەتەوە
یەکەمیان ووتی: سوێند بەخودا پێموایە ئەو ساڵە کاتێک قسەمان دەکرد کەسێک لە بیرەکەدا بووە
ئەوی تریش ووتی: ڕات چۆنە کە ئەم بیرە شوومە پڕ بکەینەوە؟
دەستبەجێ بیرەکەیان پڕکردەوە بەسەر پیاوە مەسڵەحەتچیەکەدا…….
ئەوەش کۆتایی پیاوە مەسڵەحتچیەکە بوو
[وعلی نياتكم ترزقون]
بەپێی نیازەکانتان ڕۆزی دەدرێن
ئاماده‌كردنی بولبولی ده‌نگۆش

 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!