چۆن قورئان لەبەر بکەم ؟ | بەم شێوەیە هەموو قورئان لەبەربکە

بسم الله الرحمن الرحيم

پرسیار/ چۆن قورئان لەبەر بکەم ؟
وەڵام/
سەرەتا خشتەیەک دابنێ کە ڕۆژانە چەند ئایەتێک لەبەر بکەیت
بۆنموونە ئەمانەوێت سورەتی [البَقرة] لەبەر بکەین سورەتەکە ئەکەین بەچەند بەشێکەوە چونکە سورەتی [البَقرة] ژمارەی ئایەتەکانی (۲۸٦) ئایەتە تا بتوانین هەر ڕۆژەو بەشێکی لەبەر بکەین، ئەگەر سورەتەکە کورت بوو ئەوا پێویست ناکات بەش بەشی بکەین
بۆ نموونە ئەمانەوێت ئەمڕۆ بیست(۲۰) ئایەتی سەرەتای سورەتی [البَقرة] لەبەربکەین

هەنگاوەکانی لەبەرکردن پێنج(٥) هەنگاون:

هەنگاوی یەکەم ئەو بیست ئایەتەی دیاریت کردووە گوێی لێبگریت بە دەنگی قورئان خوێنێک بۆئەوەی ئاشناببیت بە ئایەتەکان و چۆنییەتی خوێندنەوەیان

هەنگاوی دووەم پاش ئەوەی کە دڵنیابوویت کە ئایەتەکان بەڕاست و دروست ئەخوێنیتەوە ئێستە ئایەتەکان لەبەربکە

هەنگاوی سێهەم قورئانەکە دابخە و ئەو بیست ئایەتەی کە لەبەرت کردووە چل(٤۰) جار دووبارەی بکەرەوە بە لەبەر
لەوانەیە سەرەتا قورس بێت چل جار دووبارەکردنەوە، بۆیە سەرەتا ئەتوانیت بیست(۲۰) جار پاشان سی(۳۰) جار دووبارەی بکەیتەوە

هەنگاوی چوارەم بۆ ڕۆژی دواتر لەو شوێنەی کە کۆتا ئایەتت لەبەرکرد بیست ئایەتی تر دیاری بکە واتە لە ئایەتی بیست و یەک(۲۱) بۆ چل(٤۰)، ئەمانیش لەبەربکە و چل(٤۰) جار دووبارەیان بکەرەوە
ئینجا ئەوەی کەدوێنی لەبەرت کردبوو ئەمڕۆ پێنج(٥) جار دووبارەی بکەرەوە بەبێ تەماشا کردنی قورئان بەڵکو بە لەبەر

هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی بۆ ڕۆژی سێهەم بیست ئایەتی تر دیاری بکە واتە لە ئایەتی (٤۱) بۆ شەست(٦۰)، ئەمانیش لەبەربکە و چل(٤۰) جار دووبارەیان بکەرەوە
ئینجا ئەوەی کەدوێنی لەبەرت کردبوو ئەمڕۆ پێنج(٥) جار دووبارەی بکەرەوە، وە ئەوەی کە ڕۆژی یەکەم لەبەرت کرد یەک(۱) جار دووبارەی بکەرەوە بەبێ تەماشا کردنی قورئان بەڵکو بە لەبەر

کەواتە ئێستە یاسایەکمان هەیە:
ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرمان کرد چل(٤۰) جار دووبارەی ئەکەینەوە،
ئەوەی دوێنێ لەبەرمان کردبوو پێنج(٥) جار دووبارەی ئەکەینەوە،
ئەوەی پێش دوێنی لەبەرمان کردبوو یەک(۱) جار دووبارەی ئەکەینەوە
بۆ نموونە ئەمڕۆ پانزەهەمین(۱٥) ڕۆژە لە لەبەرکردنی قورئان
ئەوەی ئەمڕۆ چل جار دووبارە ئەکەینەوە بە لەبەر، ئەوەی دوێنێ کە ڕۆژی چواردەهەم(۱٤) بوو پێنج جار دووبارەی ئەکەینەوە بە لەبەر، ئەوەی پێش دوێنی واتە لەڕۆژی یەکەمەوە(۱) تا سیانزەهەم(۱۳) یەک جار دووبارە ئەکەینەوە بە لەبەر

بەم شێوەیە بەردەوام بە هەتا جوزئێک لەبەرئەکەیت ئینجا یاساکە بەم جۆرەی لێدێت:
ڕۆژێک ئەو جوزئە دووبارە ئەکەیتەوە کەلەبەرتە ئینجا ڕۆژێکی تر بیست ئایەت لە جوزئێکی تازە لەبەرئەکەیت
بۆنموونە ئێستە سێ جوزئت لەبەرە و ئەتەوێت بچیتە جوزئی چوارەم،
سێ(۳) ڕۆژ دائەنێیت بۆ جوزئەکانی کە لەبەرتە هەر ڕۆژەو جوزئێک دووبارە ئەکەیتەوە، ڕۆژی چوارەم دەست ئەکەیت بە جوزئی چوارەم بە یاساکەی یەکەم جار واتە پێنج خاڵەکە

واللّٰە أعلى وأعز وأعلم
والسلام علیکم ورحمة اللّٰە وبركاته

ئاماده‌كردنی : ئیسلام بناسە Islam bnasa


 _________________________________

له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووی سه‌ردانی ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ی!